کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆنگەری هەشتەمی ئەنجامدا

بە بەشداربوونی ٣٠٠ ئەندام، کۆنگرەستار، کە ڕێکخستنێکی ژنانە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کۆنگرەی هەشتەمی ئەنجامدا.

ئەمڕۆ لە هۆڵی چاند و هونەر، لە شارۆچکەی ڕێمێلان لە هەرێمی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنگرەی هەشتەمی (کۆنگرەستار) بە دروشمی ” بە تێکۆشانی هەڤرین و زەهراکان داگیرکەریی بڕوخێنن و شوڕشی ژنان مسۆگەر بکەن” دەستی پێکرد.

لە هۆڵەکەدا وێنەی شەهیدانی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵواسرابوو، وەک وێنەی هەڤرین خەلەف، سکرتێری گشتی پارتی سوریای پێشڤەڕۆ و شەهید زەهرا.

لە کۆنگرەکەدا بێجگە لە ئامادەبوونی ٣٠٠ ئەندامی کۆنگرەستار، کە لە شار و شارۆشکەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شاری حەلەب و شام بەشداریان کردبوو، چەندین میوانی ناوخۆیی و دەرەکی ئامادەبوون.

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەکەدا گفتوگۆ لەسەر خەبات و کارەکانی ڕێکخستنەکانی ژنان کرا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی سوریا و ئیدارەی خۆبەڕێوبەری سوریا هەڵسەنگێندرا.

بڕیار وایە کۆنگرەکە سبەینێش بەردەوامبێت لە کارەکانی.

ف.ق