کەسوکاری شەهیدان: تەرمی شەهیدەکانمان لە کوێن؟

بنەماڵەی شەهیدانی عەفرین، کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گۆڕستانی شەهیدانی عەفرین دەربڕی و داوایان کرد، کە بزانن تەرمی شەهیدەکانیان بۆ کوێ براون.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکرد، هەموو ڕۆژێک بە بەردەوامی مرۆڤیان دەڕفاند، خەڵکیان هەراسانیان دەکرد، دەستدرێژییان دەکردە سەر و مافی مرۆڤیان پێشێلیان دەکرد. لەم کۆتاییەدا دەستیان کرد بە تێکدانی گۆڕی شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم کرد و تەرمی ئەو شەهیدانەیان بردە شوێنێکی نادیار و وەک گۆڕی بەکۆمەڵ نیشانیاندا.

دەوڵەتی تورکی و چەتەکانی، ڕۆژانە لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن. لەم دواییانەشدا گۆڕستانی شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەمیان وێران کرد.

گۆڕستانی شەهیدانی سیدۆ کە پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا دروستکرا و لە کاتی داگیرکاریدا بۆردومان کرا.

گۆڕستانی شەهیدانی شەهید رەفیقیش لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانەوە تێکدرا. ئەو چەتە و خێزانانەی هێنرابوون لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەوێ جێگیرکران.

گۆڕستانی شەهید ئاڤێستا خابوور کە ٢٥٨ شەهیدی قەسەدەی تێدا بوو، لە نیسانی ٢٠٢٠ دا لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە تێکدرا و کردیان بە بازاری ئاژەڵان.

چوارەمین گۆڕستانی شەهیدان لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٩دا دامەزرا، دوای ئەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زیادبوون، دامەزرێنرا ، تەرمی 73 شەڕڤانی قەسەدە و هاوڵاتیانی مەدەنی لەو گۆڕستانەدا هەبوو.

ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین جبرائیل مستەفا دەربارەی ئەم بابەتە قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئەم تێرۆرەی دەوڵەتی تورکی یەکەم جار نییە و دوایین جار نابێت و گوتی: «ئێمە بینیومان کە ئاژانسی ئانادۆڵی سەر بە دەوڵەتی تورک دەڵێت؛ ' گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە عەفرین دۆزرایەوە و دەشڵێت: 'ئەوانەی لەو گۆڕەدا لەلایەن یەپەگە و یەپەژەوە کوژران'. لە ڕووی یاسایی و مافەوە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەو مانایەن کە کۆمەڵێک کەسی گەورە و بچووک پێکەوە لە بارودۆخێکی ئاساییدا بە جلەوە پێکەوە فڕێ دەدرێنە ناو چاڵەکان و خاکیان بەسەردادەکرێت. بەڵام کاتێک کە کەسێک سەیری ئەو وێنەکان دەکات، دەبینێت کە گۆڕی بەکۆمەڵ نییە، هەموو گۆڕێک شوێنی خۆی هەیە و بەخاکسپێردراون. ئەو تەرمانە هەمووان لەنێو کفندان و هەریەکەیان لە گۆڕێک نێژراون. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەموو کەسێک بەپێی کلتور و داب و نەریتی خۆی و بەپێی مەراسیمەکان نێژراون . من کەسێکی خەڵکی عەفرینم، ٣ کەس لە خزمەکانم لەو گۆڕستانە نێژراون. ئەگەر دەوڵەتی تورک بانگەشەی ئەوە دەکات کە گۆڕی بە کۆمەڵن، با تەرمەکان بدەنە دەست بنەماڵەکان"

مستەفا راشیگەیاند، کە دەوڵەتی تورک لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە ئیفلاسی کردووە و دەڵێت: کاتێک دەوڵەتی تورک ئەو بابەتە بەکاردەهێنێت، دۆسیەی کوشتن بەکاردەهێنێت، بۆیە لە هەموو کەیسێکی تاوانکاریدا مەرج هەیە، وەک؛

*بکوژ کێیە؟

* دەبێت کەسێک کوژرابێت؟

* پێویستە کوشتنەکە ئاشکرا بکرێت؟

* پێویستە ئەو ئامێرەی لە رێگەیەوە کوژراون دیاری بکرێن؟

لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین کوژراوەکان رۆڵەکانی عەفرینن وبکوژەکان دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانن. ئەگەر لەو ئامرازانە بکۆڵدرێتەوە کە ئەو کەسانەی لە رێگەیان شەهیدکراون، دەبینین کە بە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک و فڕۆکەی چاودێری گیانیان لە دەستداوە بۆیە دەمانەوێت کۆمیتەیەکی نیشتمانی بچێتە سەر تەرمی ئەو شەهیدانە و بیاندۆزینەوە. بۆیە دەڵێین ئەم کوشتنە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە لرووی یاساییەوە سەلمێنراوە. ئێمە دەربارەی ئەم ڕووداوە دەڵێین کە دەوڵەتی تورک لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە ئیفلاسی کردووە و لەبەر ئەوەی هیچیان پێنەمابوو، شەهیدانیان لە گۆڕستانەکان دەرهێنا"

مستەفا ڕایگەیاند، کە لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە، هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە کردەوەکانی پێشێلکاری لە عەفرین دەکەن، دەوڵەتی تورک تاوانبار دەکەن، کردەوەکانی تورک گەیشتە ئاستی تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

مستەفا لە بەردەوامیدا وتی: "یەکێک لە ڕاپۆرتەکان کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سوریا بوو، ئەم لیژنەیە سەر بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤە و ڕاستەوخۆ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە . ئەم ڕاپۆرتە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ دا بڵاوکراوەتەوە و لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

هەرچەندە دەوڵەتی تورک دەزانێت، گۆڕستانی شەهیدانە و گۆڕێکی بەکۆمەڵ نییە، بەڵام ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بخەڵەتێنێت. بۆیە هەندێک هەنگاو بۆ ڕزگارکردنی دەوڵەتی تورک لەو مەترسییە نرا. هەروەها ناردنی ناسر ئەلحەریرییە بۆ عەفرین و دامەزراندنی کۆمیتەی ڕەتکردنەوەی زوڵم. بەڵام خەڵکی عەفرین پەیوەندیان پێوە کردین و رایانگەیاند، ئەو کۆمیتەیە دەستی بەسەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیاندا گرتووە. کاتێک گەل گلەیی لەو کۆمیتەیە دەکات، دەستگیر و زیندانیش دەکرێت. بۆیە ئەم هەوڵ و کۆششەی تورکیا شکستی هێنا. ئەم جارە عەبدولحەکیم بەشار نێردرا بۆ ئەوەی بڵێت؛ "لە عەفرین هیچ پێشێلکارییەک نەکراوە" بەڵام ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ئەمە شکستی هێناوە و دۆسیەی گۆڕستانەکەی هێنایە پێشەوە."

جبرائیل مستەفا باسی ئەوەی کرد، ئامادەن هەموو ئەو زانیاری و بەڵگەو دۆکیومێنتانەی لە دەستیاندایە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دابەشی بکەن و ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن و وتی "تورکیا کوشتار دەکات بۆیە کاتێک هەموو بەڵگەکانمان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد، سەلمێنرا کە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیڵێت درۆیە. ئێستا دەوڵەتی تورک بێدەنگە بەڵام ئێمە وەک خەڵکی عەفرین بانگ دەکەین، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی پێک بێت و کۆمیتەیەک پێکبهێنرێ بۆ ئەوەی بزانرێت بکوژانی ئەو شەهیدانە کێن"

جبرائیل مستەفا ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرێمی عەفرین لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە بەپێی ڕێککەوتننامەی لاهای ساڵی ١٩٠٧ پێویستە دەوڵەتی داگیرکەر هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزێت و بەهاکان بپارێزێت، یەکێک لەوانەش پاراستنی گۆڕستانە و وتی:"دەوڵەتی تورک خاڵەکانی ٤٢ و ٥٦ی پەیماننامەی لاهای پێشێل دەکات. هەروەها خاڵەکانی ٢٧، ٢٤، ٤٧ و ٧٨ی پەیماننامەی جنێفیش پێشێل دەکات. دەتوانین بڵێین دەوڵەتی تورک هەموو پەیمانە نێودەوڵەتیەکان پێشێلدەکات."

ئایدە مستەفا کچی شەهید محەمەد مستەفا ، کە تەرمەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە گۆڕستانەکە دەر‌ێنرا، وتی: باوکم لە ١١/٠٣/٢٠١٨ لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورک شەهید بوو. بەهۆی چڕی هێرش و تۆپبارانەوە، دەبوایە شەهیدەکانمان لە نزیک نەخۆشخانە بشاردرێنەوە. لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٨ دا بە مەراسیمێک باوکمان بە خاک سپارد. هەمان ڕۆژ مەراسیمێکمان بۆ ٣٥ شەهید ساز کرد .

داوا لە هەموو ڕای گشتی دەکەم کە ببینن دەوڵەتی تورک چی لە شەهیدەکانمان دەیەوێت، هیوامان هەبوو ڕۆژێک بێت ئێمە بگەڕێینەوە بۆ عەفرین و بچینە سەر گۆڕی باوکمان. بۆیە بانگ لە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم شوێنی گۆڕی باوکم و هەموو ئەو شەهیدانەمان پێ بڵێن کە دەرکراون.

عابدین خان باوکی شەهید ئەحمەد خانیش وتی: لە ١٢ی ئازاری ٢٠١٨ دا ئەحمەد لەژێر بۆردووماندا شەهید بووە و بەخاک سپێردراوە و داوای لە هەموو دەزگا مرۆییەکان کرد، کە بزانن دەوڵەتی تورک چی بەسەر جەستەی منداڵەکەیدا هێناوە.

ف.ق