کتێبی "زاڵبوون بەسەر مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست دا؛ دەروازەیەک بۆ فەلسەفەى عەبدوڵا ئۆجالان"، کە لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووسی ئەڵمانی پیتر شابرەوە نووسراوە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا گەیشتە ناو کتێبخانەکان و بەردەستی خوێنەران.
کتێبی "زاڵبوون بەسەر مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست دا؛ دەروازەیەک بۆ فەلسەفەى عەبدوڵا ئۆجالان" لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئونراست – ڤێرگالی بڵاوکرایەوە و یەکێک لەو یەکەم کتێبانەیە، کە دونیای بیر و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە خوێنەر دەناسێنێت.
شابر لە ئەڵمانیا یەکێک لەو کەسانەیە، کە پشتیوان و بەشداری تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردە و کتێبەکەی بە جۆرێک نووسیوە، کە خوێنەر و ئەوانەى تامەزرۆی بیر ورامانەکانی ئۆجالانن، بتوانن بە شێوەکی سادە و وەک یەکەم هەنگاو، بە بیر و رامانەکانی ئۆجالان ئاشنا ببن.
"پێشوازیەکە بۆ من نییە، بۆ ئۆجالانە"
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای چاپ و پەخشی ئونراست چاپی یەکەمی کتێبەکە لە ماوەى چەند هەفتەدا تەواو بووە. بەڕێوەبەرانی چاپخانەکە رایانگەیاند، چاپی دووەمی کتێبەکە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە دەست خوێنەران و راشیانگەیاند، لەو پێشوازییە گەرمە زۆر سەریان سوڕماوە.
پیتر شابر نووسەری کتێبەکە لەبارەى پێشوازی گەرم و زۆر لە کتێبەکەی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، تەواوبوونی چاپی یەکەمی کتێبەکە لە ماوەیەکی کەمدا و ئەو پێشوازییە گەرمە لەبەر خۆی نییە، بەڵکو لەبەر ئۆجالانە و وتی، "ئەو پێشوازییە گەرمەى لەو کتێبە کراوە، نیشانەى ئەوەیە، تاکو دێت هەموو رۆژێک شەیدایی و تامەزرۆیی بۆ بیر و رامانی ئۆجالان زیاتر دەبێت".
شابر یەکێک لەو کەسانەیە، کە لە نزیکەوە چاودێریی تێکۆشانی گەلی کورد لە ئەڵمانیا دەکات و لەبارەی هۆکاری نووسینی کتێبەکەیەوە چەند رۆژ لەوە پێش بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، "لە ئەڵمانیا هاووڵاتییان و هەروەها زۆرێک لەلایەنە نێونەتەوەیییەکان دەیانخواست بزووتنەوەى کورد بناسن. بە داخەوە کتێبەکان لەبارەى ئایدۆلۆژیای ئەو بزووتنەوەیەوە زۆر گەورە و ئەستوور بوون. منیش بۆ ئەوانەى دەیانەوێت بزووتنەوەى کورد بناسن و وەک دەروازەیەک و لەو چوارچێوەدا ئەم کتێبەم نووسی".
ژ.ت