لە دژی گۆشەگیری پەرە بە تێکۆشان بدەن!

دەستپێشخەری سوریی ئازادی بۆ رێبەر ئۆجالان لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی داوای گەورەترکردنی تێکۆشانی کرد.

دەستپێشخەری سوریی ئازادی بۆ رێبەر ئۆجالان لە پێناو ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوی دەستپێشخەرییەکە بەم جۆرەیە:

"دەوڵەتی تورکی فاشیست درێژە بە کردەوەی دڕندانەی خۆی بەرامبەر بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەدات. بە هۆی گۆشەگیری قورس ٢٤ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی لە ناو هەلومەرجی دژواردا دەژی. هەموو داواکارییەکانی پارێزەرانی رێبەرایەتی و ٣ زیندانی دیکە عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یەڵدرم بە پاساوی بێ بنەما زیاتر لە ٢١ مانگە رەتدەکرێنەوە و رێگە نادرێت دیدار پێکبهێنن.

سەرباری سەردان و داواکارییەکانی پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ رێبەر ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی زیندانی ئیمراڵی، بە پاساوی سزای دیسپلین کە لە ٩ی ئەیلولی رابردووەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، سەردانەکان رەتدەکرێنەوە. سەرەڕای کۆتاییهاتنی سزاکە لە ٩ی کانونی یەکەمەوە، قەدەغەیەکی نوێ بەسەر رێبەرایەتی و ٣ زیندانیی دیکەدا سەپێندراوە کە بە پاساوی هەمان سزاوە ناتوانن دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجام بدەن. دادگای جێبەجێکردنی سزای بورسا بە بێ ئەوەی پاساو و بیانوویەک بخاتەڕوو و لەبارەی هۆکارەکانی روونکردنەوە بدات، سەرلەنوێ سزای دیکەی سەپاندووە.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بە خاڵێکی گرنگیش بکەین، کە سەرباری بانگەوازی هەموو ئازادیخوازان و دیموکراتەکان، یاساناسان، ئەکادیمییەکان و سیاسەتمەداران بەڵام دەوڵەتی تورک پێداگرە لەسەر ئەوەی گۆشەگیری ناڕەوا بەسەر رێبەرایەتیدا درێژە پێبدات، لەبەر ئەوەی بە گوێرەی یاسا ناوچەیی، نێونەتەوەییەکان و یاساکانی و تورکیا، رێبەرایەتی مافی ئەوەی هەیە کە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانیدا هەبێت. بەڵام بەداخەوە تورکیا گوێی لە بانگەوازی ئازادیخوازان خەواندووە و چاوی خۆی کوێر کردووە و ئەو مافانە نابینێت و جێبەجێیان ناکات.

بەم جۆرە هەموو یاسا و رێسای نێونەتەوەیی و جیهانییەکان پێشێل دەکات و گوێ بە یاساکانی خۆشی نادات، بەڵام بەدوای رێگاکانی سڕینەوە و پاکتاوکردنی رێبەرایەتیدا دەگەرێت و لێرەدا نابێت لەبیر بکەین کە بەرخودانێکی ئەفسانەیی گەورە لە ئارادایە. لە ئیمراڵی ئەوەی ئەنجام دەدرێت بەپێچەوانەی ئەم سیاسەتە دڕندانە و پاکتاوکارانەی لەسەر رێبەرایەتی بەڕێوەدەبرێت و هەروەها بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارە گوماناویانەی لە دژی کوردان و لە دژی بیری ئازاد بەڕێوەدەبرێن. لە ئەنجامی رێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپە و هاوپەیمانی ئەوان، بەم جۆرە تورکیا بۆ گەلانی چەوساوە بووەتە زیندانێکی گەورە. هەر بۆیەش بەرخودان پێویستە، لەبەر ئەوەی گەلی کورد، تورک و هەموو گەلانی هەرێمەکە لەبەرامبەر ئەو کردەوە ناڕەوایە نابێت بێدەنگ بن.

لەبەر ئەوە ئێمە داوا لە هەموو کەسێک دەکەین کە پەرە بە تێکۆشان بدەن بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٣ ببێتە ساڵی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری، ببێتە ساڵی ئازادی رێبەر ئاپۆ و سەرەتای چاکەکاری، ئاشتی و دیموکراسی".

هـ . ب