لە عەفرین چەتەکان تاوانێکی تری دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامدا

ئیبراهیم شێخۆ وتەبێژی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سوریا رایگەیاند، کوشتنی هاوڵاتی بەتەمەن و منداڵەکەی گوندی کیمارێی شێراوا بە فەرمانی هەواڵگری دەوڵەتی تورک ئەنجامدراوە.

چەتەکانی فرقە ئەلهەمزەی سەر بە میتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک رۆژی هەینی لە عەفرین تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامدا.

چەتەکان هاوڵاتیە ٧٠ ساڵ و منداڵە ١٤ ساڵەکەیان لە گوندی کیمارێی ناوچەی شێراوا کوشت.

هەروەها چەتەکان تەقەیان لە گەنجێک بە ناوی مەسعود مەجید کرد و بریندار بوو و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

منداڵە ١٤ ساڵەکەیان بە ٤٠ گولە کوشت

بەپێی ئەو دیمەنانەی کە ئاژانسی هەواڵی هاوار (ئانها) بڵاویکردوەتەوە، منداڵە ١٤ ساڵە کە ناوی حەمۆ جەنگیزە بە ٤٠ گولە کوژراوە.

ئیبراهیم شێخۆ وتەبێژی فەرمی رێکخراوی مافەکانی مرڤی عەفرین – سوریا رایگەیاند، یەکسەر بە فەرمانی میتی تورک تاوانەکە ئەنجامدراوە و وتی، "ئەم تاوانە، تاوانێکی ئەنقەستە."

شێخۆ وتیشی، بەهۆی زیادبوونی بارەگاکانی سوپای داگیرکەری تورک و میتی تورک لە هەرێمەکە، جووڵە داگیرکەریەکان زیادیان کردوە.

شێخۆ ئاماژەی بەوەکرد کە بەپێی هەندێک سەرچاوەی تایبەت، چەتەکانی هەمزە، عەبدولرەحمان حەمۆیان مانگێک لەمەوبەر رفاندوە و بۆ ئازادکردنی داوای فیدیە کرابوو و میتی تورک ئەوی زۆر ئازارداوە.

ف.ق