هه‌واڵی به‌په‌له‌: پۆلیسەکان هەڵیانکوتایە سەر ستۆدیۆکانی ستێرک تی ڤی و مەدیا خەبەر

لە حەلەب و تەل تەمر یادی شەهیدانی پاریس کرایەوە

لە ناوچەی تەل تەمری حەسەکە و گەڕەکی شێخمەقسوودی حەلەب، بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی یەک و دووی پاریس، رێورەسمی یادکردنەوە سازکران.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٠مین ساڵرۆژی یەکەمین کۆمەڵکوژی پاریس لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣دا لەدژی سێ ژنی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، کۆنگرەی ستار لە حەسەکە و حەلەب رێورەسمی یادکردنەوەی شەهیدانیان سازکران.

حەسەکە

لە حەسەکە لە ناوەندی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی تەل تەمر، رێورەسمی یادکردنەوەی شەهیدان ئەنجامدرا. دانیشتوانی ناوچەکە، ئەندامانی دەزگا مەدەنی و پارتەکان ئامادەی رێورەسمەکە بوون.

لە رێورەسمەکەدا، هێڤیدار هەرەکۆل ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستاری حەسەکە قسەی کرد و یادی شەهیدانی پاریسی کردەوە.

هێڤیدار هەرەکول لە کەسایەتی ساکینە جانسز و هاوڕێکانیدا یادی هەموو شەهیدانی کردەوە و وتی، " پێویستە ئێمە ئەڤین گۆیی کە ٢٣ی کانونی دووەم لە پاریس لەلایەن میتەوە شەهیدکرا لەبیر نەکەین. پێشەنگی بەرخۆدانی رۆژئاوا بوو."

رێورەسمەکە بە نمایشکردنی بەڵگەفیلمێک لەبارەی تێکۆشانی هەرسێ شەهیدەکە کۆتایی هات.

حەلەب

لە حەلەب بە دەیان پیاو کە لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە پەروەردەکراون بەشداریان لە رێورەسمی یادکردنەوەی شەهیداندا کرد. رێورەسمەکە لە رۆژئاوای گەڕەکی شێخمەقسوودی حەلەب ئەنجامدرا.

رێورەسمەکە بە نمایشکردنی بەڵگەفیلمێک لەبارەی بەسووپابوونی ژنان دەستی پێکرد.

دواتر ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار سەبیحە عەفرین قسەی کرد و هەموو شەهیدانی ئازادی بەبیرهێنایەوە.

سەبیحە ئاماژەی بە رۆڵی ژنان لە دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی کوردستان و فیداکاری ژنان لەنێو تەڤگەری ئازادیدا کرد.

رێورەسمەکە بە وتنەوەی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' و ' بێ سەرۆک ژیان نابێت' کۆتایی هات.

ف.ق