لە هەرێمی فورات کۆمیتەی ئاگرکوژێنەوە دامەزرا

دەستەی خۆجێی و ئیکۆلۆژی لە هەرێمی فورات، «کۆمیتەی ئاگرکوژێنەوە»ـی دامەزراند، بەمەبەستی ڕێگری لە سوتانی کێڵگەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، داوا لە هەمووان دەکات پارێزگاری لە بەروبوومەکان بکەن.

وەک هەموو ساڵێک، گەنم و جۆ و نیسک و کومین لە هەرێمی فورات چێنراوە، وەرزی دروێنەش نزیک بۆتەوە. بەڵام هەموو ساڵێک، پێش وەرزی دروێنە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە تۆپبارانکردن ئاگر لە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بەردەدات. بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم حاڵەتە، دەەستەی خۆجێی و ئیکۆلۆژی لە هەرێمی فورات «کۆمیتەی ئاگرکوژێنەوە» دادەمەزرێنێت، لەم بارەیەوە، حاجی ئەحمەد، هاوسەرۆکی کۆمیتەی شارەوانییەکان لە کانتۆنی کۆبانی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

« ١٦ کۆمیتەی ئاگرکوژێنەوە دامەزرێنراوە»

حاجی ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ١٦ کۆمیتەی ئاگرکوژێنەوەیان دامەزراندووە لەپێناو پاراستنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، گوتی: «هەموو کەرەستە پێویستەکان ئامادەکراون بۆ ڕێگرتن لە ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و ڕێگەی خۆپاراستن لەم حاڵەتە؛ ئەم ڕێکارە تەنها بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ناوەندی شارەکە کورت نابێتەوە، بەڵکو گوند و شارۆچکەکانیش دەگرێتەوە، ئەم کۆمیتانە بەتایبەت لە شارۆچکەکانی ڕەمڵە و قادری و چەلەبی و قینە تا دەگاتە کۆبانی بڵاودەبنەوە».

هەروەها ئەحمەد ڕوونی کردەوە، نەوەک هەر کۆمیتەی ئاگرکوژێنەوە، بەڵکو هەموو کۆمیون و جڤاک سەبارەت بە ڕەوشی لەناکاو ئاگادار کراونەتەوە، ڕایگەیاند، هەم کۆمیتە و هەم جڤاک تەواو ئامادەن بۆ چاودێریکردنی کێڵگەکان و ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوە لە بەروبوومەکان؛ هەروەها گوتی، ئەو جووتیارانەی خاوەنی تراکتۆرن هاوکار دەبن لە هەر حاڵەتێکی لەناکاودا.

ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەموو ساڵێک ئاگر بەردەدات لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی خەڵک، گوتی: « دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەموو ساڵێک لەڕێگەی تۆپبارانەوە ئاگر بەردەدات لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی هاوڵاتییان؛ لەلایەک، دەروازەکان دادەخرێن و گەمارۆ بەسەر هەرێمەکەدا دەسەپێنن، لەلایەکی ترەوە، هێرش دەکەنە سەر ڕەنجی جڤاک، هەوڵدەدەن لە هەموو لایەکەوە گەلەکەمان بێزار بکەن. ئەم کارانە بەتایبەت لە گوندەکانی سەر سنوور ئەنجام دەدرێت. ئەمساڵ لە هەموو شوێنێک باری لەناکاومان ڕاگەیاندووە بۆ بەگژاچوونەوەی ئاگرکەوتنەوە، هێڵێکی گەرم تەرخانکراوە لەپێناو ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە».

لە کۆتایی قسەکانییدا، ئەحمەد بانگەوازی لە گەلی هەرێمەکە کرد، هاوکاری کۆمیتەکە بکەن و ئێشکگری بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان بکەن.

ف.ق