لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا ١٤ مەدەنی دیکە برینداربوون

١٤ کەس کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا بۆسەر تل کۆچەر، چلئاغا، تربەسپی، دربێسی، زرگان و قامیشلۆدا برینداربوون، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رۆژی چوارشەممە ناوەندە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی لە تل کۆچەر، چلئاغا، تربەسپی، دربێسی، زرگان و قامیسلۆی بۆردومان کرد.

لە هێرشەکەدا بۆ سەر گوندی عەلیاغای تل کۆچەر ٣ کەس برینداربوون. دوو کەس کە بەسوکی برینداربوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی دێرک، بریندارێکیش کە دۆخی ناجێگیرە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی قامیشلۆ.

لە گوندی گیرهۆکی ناوچەی چلئاغای قامیشلۆ وێستگەی نەوت بۆردومان کرا.

دوو ئەندازیار بەناوەکانی عاسر سەتام و عەبدولکەریم عەبدۆ کە لە هێرشەکەدا برینداربوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی گرکێ لەگێ و قامیشلۆ.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندی مەسرەف بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کرد و لە ئەنجامدا ٣ کەس برینداربوون. بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی قامیشلۆ.

لە باشوری تربەسپیش ئۆتۆمبێلێکی کرێکارەکان بۆردومان کرا.

لە هێرشەکەدا عەبدولرەحمان ئەلئەحمەد تەمەن ٢٢ ساڵ، ئیبراهیم ئەلمحەمەد تەمەن ٤٣ ساڵ، عەبدولموئمین خەلیفە تەمەن ٢٨ ساڵ و زیاد ئەلحەبیب تەمەن ٣٥ ساڵ  برینداربوون و گواسترانەوە بۆ ناوەندی مانگی سوری کورد لە تربەسپی.

لە گوندی زێدیەی درێسی لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ٢ کەس برینداربوون. لەبارەی دۆخی بریندارەکان زانیاری رانەگەیەنراوە.

بەگوێرەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا لە ٢٢ی تشرینی دووەم لانیکەم ٨٤ گوند و شارۆچکە بۆردومان کراون و ٢ شەرڤانی یات و حەوت مەدەنی شەهیدبوون.

هـ . ب