لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا شەڕڤانێکی قەسەدە شەهیدبوو

قەسەدە رایگەیاند لە هەرێمی رمێلان لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەڕڤانێکییان بە ناوی رۆژهات حەسەکە شەهید بووە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایگەیاند، کە هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمەکانیان بەردەوامە و ئاشکرای کرد کە لە ١٩ی کانونی دووەمدا فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی هێرشبەری سوپای تورکی داگیرکەر خاڵێکی پەیوەندییە سەربازییەکانی لە شارۆچکەی رمێلان کە بۆ رێکخستنی دیدارەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بەکاردەهێنرا بۆردومان کردووە.

قەسەدە رایگەیاند کە لە هێرشەکەدا شەڕڤانێکیان کە لە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێونەتەوەییدا کاری دەکرد، شەهید بووە و شەڕڤانێکی دیکەیان برینداربووە.

قەسەدە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دوبارەکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە ناسنامەی ئەو شەڕڤانەی شەهید بووە بەم جۆرەیە:

ناوی لە بزوتنەوەدا: رۆژهات حەسەکە

ناو و پاشناو: محەمەد حاجی محەمەد

ناوی باوک: زیا

ناوی دایک: سەعیدە

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣/ رمێڵان.

هـ .  ب