لە کامپی هول 'ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی'

هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە کامپی هۆل لە حەسەکە لە دژی شانە نووستوەکانی چەتەکانی داعش دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانکرد.

هەڵمەتەکە بە بەشداری شەش هەزار ئاسایشی ناوخۆ لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و یەپەگە و یەپەژە لە کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و هێزەکە بە هەموو کامپەکەدا بڵاوبوونەتەوە، بە ئامانجی نەهێشتنی چەک و شانە نوستووەکانی داعش لەناو ژنە داعشیەکاندا.

ماوەیەکە ڕووداوەکانی کوشتن و ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و پەلامار لەناو کامپەکەدا زیادیانکردووە، ئەو ئاوارە عێراقییانەی لە ٢٠١٤وە تیایدا نیشتەجێکراون، ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە و ڕۆژانە پەلامار دەدرێن و خێمەکانیان ئاگر تێ بەردەدرێت.

سیامەند عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاژانسی هەواڵی هاواری ڕاگەیاندووە، ئامانج لەو ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتە ئەمنیە، کەمکردنەوەی کاریگەری داعشە لەسەر کامپەکەو نەهێشتنی ئەو جموجۆڵ و پەلامارانەیە کە ماوەیەکە زیادیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بەتایبەت دوای بانگەوازی شێخەکانی ناوچەکە هاتووە بۆ دانانی سنوورێک لەبەردەم کەمکردنەوەی مەترسی کامپەکە لەسەر ناوچەکە بە تایبەت و جیهان بەگشتی.

کامپی هۆل لە ٤٥ کلیۆمەتریی رۆژهەڵاتی حەسەکەدایە و زیاتر لە ٦٠ هەزار کەسی تیادایە، کە زۆربەیان بنەماڵەى چەکدارەکانی داعشن. چاوەڕێ دەکرێت ئۆپارسیۆنەکە بۆ ماوەى چەند رۆژێک بەردەوام بێت.

ژ.ت