لە کۆبانێ، منبج، تەبقا و شەهبا جەژنی ژیانەوەی ١٥ی تەباخ پیرۆز کرا

لە کۆبانێ، منبج، تەبقا و شەهبا بۆ پیرۆزکردنی ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ و جەژنی ژیانەوە رێپێوان و گردبوونەوە و چالاکی بەڕێوەچووە.

ساڵیادی جەژنی ژیانەوەی ١٥ی تەباخ لە کۆبانێ، منبج، تەبقا و شەهبا بە بەشداریی سەدان کەس لە لایەنە سیاسییەکان، گەنجان، ژنان، رێکخراوەکان، بنەماڵەى شەهیدان، کەسایەتییەکان و ناوەندە هونەرییەکان بەڕێوەچوو. لە یادەکاندا ڕاگەیاندرا، "پێویستە پێکەوە و یەکگرتوانە داگیرکەری تێکبشکێنین و دەستکەوتەکانی شەهیدەکانمان بپارێزین".

ڕاشیانگەیاند، "تاوەکو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکەمان. ئەمڕۆ رۆژگارێکی مێژوییە، لە سایەی رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵەکانیدا ئێمە لە تاریکی رزگار بووین".

لە چالاکییەکاندا سڵاو لە بەرخودانی گەریلا کرا و داوای پشتیوانی لە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کرا و ڕایانگەیاند، "بەرخودانی گەریلا لە چیاکانی کوردستان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر، بەرهەمی هەڵمەتی ١٥ی تەباخە و دەبێت گەنجانی کورد پشتیوانیی لێ بکەن، چونکا ئەمڕۆ لە گەریلا لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکان بەرەنگاریی بە هێز دەکات".

لە یادەکانی جەژنی ژیانەوەی ١٥ی تەباخ دا وێنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاڵاکانی پەکەکە، یەپەگە، یەپەژە، گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا بەرزکرابونەوە و بە بەردەوامی دروشمەکانی پشتیوانی لە شۆڕش و لە دژی داگیرکەری دەوترانەوە.

 یادەکان بە نمایشکردنی فیلم لەسەر هەڵمەتى ١٥ی تەباخ و گێڕاندنی شایی و هەڵپەڕکێ و گۆڤەند کۆتاییان پێھات.

ژ.ت