لە منبج گۆشەگیری و هێرشی کیمیایی دەوڵەتی تورک شەرمەزارکران

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێر بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک، لە منبج رێپێوانێکیان بە بەرزکردنەوەی مەشخەل ئەنجامدا.

ئەندامانی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێر و یەکێتی ژنانی گەنج لە منبج رێپێوانێکیا بە بەرزکردنەوەی مەشخەل ئەنجامدا. رێپێوانەکە لە چواڕیانی میزان لە ناوەڕاستی شارەکە دەستی پێکرد. لە رێپێوانەکەدا وێنەی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پانکارتی ' کات کاتی ئازادی رێبەر ئاپۆیە' و ' وەرن بۆ جەنگی ئازادی' بەرز کرانەوە.

لە بەردەم ناوەندی گەنجان، ساڵح جەفال ئەندامی گەنجانی شۆڕشگێری منبج قسەی کرد و وتی، " بە توندی هەموو پیلانگێریەکان لەدژی هەڤاڵانی هەپەگەمان کە بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو هێرش دەکرێتە سەریان، شەرمەزار دەکەم."

جەفال بانگەوازی لە هەموو گەلانی ئازاد کرد کە لەدژی پیلانگێڕی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان و لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوەستنەوە.

ساڵح جەفال لە کۆتاییدا وتی، " بەڵێن دەدەین بە رێبەر ئۆجالان کە تێکۆشانی خۆمان تاوەکو رزگاری هەموو گەلانی ژێردەست و شکاندنی دیوارەکانی ئیمڕالی بەردەوامی پێبدەین و لەسەر رێچکەی شەهیدە ئازادەکان دەبین."

رێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشمی ' بژی بەرخۆدانی رێبەر ئۆجالان' ، ' بژی بەرخۆدانی گەریلا' و ' بژی بەرخۆدانی گەلانی ئازاد' کۆتایی هات.

ف.ق