لە منبج و قامشلۆ هێرشی داگیرکەری شەرمەزار کرا

هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و خیانەتی پەدەکە لە منبج و قامشلۆ شەرمەزار کرا.

لەسەر بانگەوازی بەڕێوەبەری مەدەنی دیموکراتی شار و گوندەکان بە سەدان دانیشتوانی منبج رژانە نێو شەقامەکان و هێرشی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد.

ڕێپێوانەکە لە ناوەندی شارەکە دەستیپێکرد و بەرەو چواڕیانی ئەلمەساب بەردەوام بوو. لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی ' بە رۆحی بەرخۆدانی گەلانی ئازاد، داگیرکەری و خائینان تێکدەشکێنین' و بە رۆحی گەریلا فشیزمی تورک لەناودەبەین' بەرزکرانەوە.             

محەمەد خێر شێخۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری منبج وتی، " لەم رۆژانەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک پێشێلکاریەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کردووە. دانیشتوانی منبج بە هەموو پێکهاتە و بەڕێوەبەریەکانی ناڕەزایی لەبەرانبەر پێشێلکاریەکان پیشان دەدەن.

محەمەد خێر شێخۆ وتی، " دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی خۆی و بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی گەلی منبج، گوندەکان تۆپباران دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا لە رێگەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەپارێزێت؟

شێخۆ ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورک بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەوڵەتێکی ئیسلامیە و لە مانگی رەمەزاندا باکوری و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا تۆپباران دەکات و وتی، " ئایا پیرۆزی مانگی رەمەزان لەوێیە؟ رۆژی هەینی بە موشەک شاری کۆبانێ کردە ئامانج، بەڵام وەک گەلان باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵوێستی ئێمە دیارە و ئێمە یەکێتی خۆمان بەهێز دەکەین.

چالاکی بە دروشمی پشتگیری گەل بۆ بەرخۆدان و شەرمەزارکردنی هێرشی داگیرکەری کۆتایی هات.

قامشلۆ

ئەمڕۆ بە هەزاران هاوڵاتی ناوچەی چلئاغای سەر بە کانتۆنی قامشلۆ بە ئامانجی پشتگیریکردن لە گەریلا و شەرمەزارکردنی خیانەتی پەدەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی گەراجی ناوەندی ناوچەکە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و بەرەو ناوەندی شار چوون. بەشداربوان وێنەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، شەهیدان و ئاڵاکانی پەدەکەیان بەرز کردەوە. هەروەها دروشمی ' بژی بەرخۆدانی گەریلا' و ' نا بۆ خیانەتی پەدەکە' بەرز کردەوە.

لە فولکەی شەهید مەعسومی چلئاغا کەنعان بەرەکات هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆیی هەرێمی جزیر قسەی کرد و سڵاوی بۆ بەرخۆدانی گەریلا لە چیاکانی کوردستان نارد.

کەنعان بەرەکات باسی ئەوەی کرد کە دەوڵەتی تورک هەڵوێستی نەتەوەیی بەکاردەهێنێت و دەیەوێت سەردەمی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و وتی، " بۆیە دۆزی کوردی و پرۆژەی دیموکراتیک دەکاتە ئامانج. بەڵام ئەم هەوڵدانە لە سایەتی تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلان تێکدەچێت."

هەندرێن سینۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی هەرێمی جزیریش ئاماژەی بە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باشوری کوردستان و شەنگال کرد و وتی، " ئەم هێرشە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دۆزی کورد و داگیرکەری هەرێمەکانی دیکە دەکرێت. پێویستە ئێمە لەدژی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوبەشەکانی یەکگرتووییمان بەهێز بکەین."

هەندرێن سبنۆ لە کۆتاییدا بەشداری پەدەکەی لە هێرشی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەرمەزار کرد و وەک خیانەتێکی گەورە لەدژی گەلی کورد و دۆزی کورد بەناوکرد.

ف.ق