لە مەراسیمێکی شکۆداردا تەرمی شەهید ڕێزان جاوید و دژوار کۆبانێ بەخاک سپێردران

تەرمی شەهیدان ڕێزان جاوید و دژوار کۆبانێ بە بەشداریی هەزاران هاوڵاتیی هەرێمی جزیر و لە مەراسیمێکی شکۆداردا بەخاک سپێردران. لە وتەکانی مەراسیمەکەدا باس لەوە کرا، کە بە دڵنیاییەوە تۆڵەی شەهیدان دەکرێتەوە.

هەزاران دانیشتوانی هەرێمی جزیر تەرمی شەڕڤانی یەپەگە دژوار کۆبانێ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) ڕێزان جاوید (یوسف ڕەبانی)یان لە گۆڕستانی شەهید دژوار لەگوندی داودیی شاری حەسەکە بە خاکسپارد.

رێزان جاوید ڕۆژی ٦ی ئاب لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆ گەڕەکی سەناعەی شاری قامیشلو و دژوار کۆبانێ لە ١٠ی ئاب لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندی مەلە سبات لە شاری قامیشلو شەهید بوون.

سەرەتا جەماوەری گەل تەرمی شەهیدانیان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە حەسەکە وەرگرت و بە کاروانی دەیان ئۆتۆمبێلی ڕازاوە بە وێنەی شەهیدان و گوڵەوە، بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێ" بەرەو گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودێ  بەڕێکەوتن.

لە گۆڕستانەکە خولەکێک ڕێزگرتن بەڕێوەچوو و لەلایەن شەڕڤانانی یات، قەسەدە، یەپەژە و یەپەگەوە مەراسیمێکی سەربازی ڕێکخرا.

دواتر ڕۆژدا ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکە سەرەخۆشیی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان کرد و وتی: "ئێمە بۆ ئازایەتی شەهیدان سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین. شەهیدان پێشەنگی ئێمەن و بۆ هەموو گەلان منارەن، ئێمە لە سایەی ئەوانەوە لێرەدایت".

ڕۆژدا ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناتوانێت ئیرادە و ورەی گەلی ناوچەکە تێکبشکێنێت، بە پێچەوانەوە پێداگریی خۆیان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شەهیدان و پرۆژەی دیموکراتیکی ئایدۆلۆژیی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر دەکەن".

هەروەها لە مەراسیمەکەدا نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە وتی: "شەهیدان گەلی هەرێمەکەیان لە کۆمەڵکوژی پاراست. دەوڵەتی تورکی داگیرکەریش بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە تاوەکو پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک و ژیانی هاوبەش تێکبدات".

مەحمود لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی: "دەوڵەتی تورک ناتوانێت مێژووی بەرخۆدانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەناوببات. کارەکانمان بۆ دەستگیرکردنی ئەو سیخوڕانە، کە کار بۆ پیلانی داگیرکەران دەکەن بەردەوامە، بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت و دەبێت باجی کارەکانیان بدەن".

هەر لە مەراسیمەکەدا فۆزا یوسف ئەندامی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ڕایگەیاند، گەلانی ناوچەکە، کە ڕۆڵەکانیان گیانیان بەخت کردووە، خاوەنی ئەم خاکەن و ڕایانگەیاند: "داگیرکەر ناتوانێت خەونی خۆی بۆ لەناوبردنی گەلانی ئازادیخواز بەدی بهێنێت. بە دڵنیایەوە شکست دەهێنن و ئیرادەی ئازاد سەردەکەوێت".

فۆزا یوسف بەڵێنی بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان دا، کە ئامانجەکانیان بەدی دەهێنن و درێژە بە رێگای شەهیدان دەدەن. داواشی لە گەنجان و هاوڵاتیان کرد، کە دژی هێڵی خیانەت بوەستنەوە و بچنە ڕیزی هێزە سەربازییەکانەوە تاوەکو هێرش و پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر تێکبشکێنرێت.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە لە مەراسیمەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، تا دوا هەناسە گەلانی هەرێمەکە دەپارێزن. وتیشی، گەلی هەرێمەکە تا بەدیهێنانی ئازادی و ژیانی شکۆمەندانە و برایەتیی گەلان لە ژێر چەتری پڕۆژەی دیموکراتیدا بە بێ ڕاوەستان کار دەکەن.

سەلما محەمەد دایکی شەهید لۆلۆ حسێن لەبەردەم بەشداربواندا چەکی هەڵگرت و بەڵێنی دا، کە بەردەوام بێت لە بەرخۆدان و هەڵوێستی شانبەشانی هێزە سەربازییەکان، کە لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکە وەستاونەتەوە.

پاشان جەماوەری گەل تەرمی شەهیدان دژوار کۆبانێ و ڕێزان جاویدیان لە گۆڕستانی شەهید دژوار بەخاک سپارد.

ژ.ت