لە رەقا ١٠ چەتەی داعش لەلایەن قەسەدەوە دەستگیرکران

هێزەکانی سوریای دیموکراتێک (قەسەدە)، لە رەقا هەڵیانکوتایە سەر شانەیەکی داعش کە سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی هێرشێک بوون. لە ئەنجامدا ١٠ چەتە دەستگیرکران.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە:

"یەکینەکانی دژەتیرۆری سەر بە هێزەکانمان، شانەیەکی چالاکی تیرۆریستانی خستە ژێرچاودێری کە لە ١٠ چەتە پێکدەهات. شانەکە پلانی ئەوەی داڕشتبوو کە کۆبونەوەی هاوڵاتیان و دەزگا مەدەنیەکانی بەڕێوەبەری مەدەنی شارەکانی رەقا و تەبقا و زۆر ناوچەی دیکە لە مانگی رەمەزاندا بکاتە ئامانج. هەروەها پلانی هەبوو کە چالاکی تیرۆریستی گەورە ئەنجام بدات و ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە تێکبدات و رەنجی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا بەفیڕۆ بدات.

یەکینەکانی دژەتیرۆر دوای چاودێریکردنی جموجووڵی ئەندامانی شانەکە، هەڵیانکوتایە سەر هەندێک جێگە کە چەتەکان خۆیان تێدا دەشاردەوە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک بەڵگە و دیکۆمێنتدا گرت.

شانەکە لەلایەن سەرچەتەیەکی ناو داعشەوە بەڕێوەدەبرا و لەناویاندا کەسێکی پسپۆڕی تەقەمەنی و کەسێکی پسپۆڕی پەیوەندیەکانیش هەبوون."

ف.ق