لە رۆژئاوا بەدەیان هەزار ژن رژانە گۆڕەپانەکان

لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان و لە حەڵەب و رەقا بە دەیان هەزار ژن بە بۆنەی ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنان رژانە گۆڕەپانەکانەوە.

چالاکییەکان لە قامیشلۆ، کۆبانێ، منبج، رەقا، تەبقا و حەلەب سازکران. ژنان بە دروشمی 'بە ژن، ژیان، ئازادییەوە بە شۆڕشی ژنەوە' رژانە شەقامەکان.

کانتۆنی قامیشلۆ

رێپێوانەکەی قامیشلۆ لە چوارڕێیانی شەهیدانی سوریانی (چوارڕێیانی رەش) دەستیپێکرد. رێپێوان لە عامودێ لە گۆڕەپانی شەهید جیهاد، لە تربەسپی لە بەردەم ناوەندی گشتیی کۆنگرەی ستار دەستی پێکرد.

هەر لەو کانتۆنە لە ناوچەی چلئاغا لە گۆڕەپانی شەهید مەعسوم، لە گرکێ لەگێ لە قۆڕەپانی شەهید خەبات، لە تلکۆچەر لە پارکی عەبدوڵا ئۆجالان و لە دێرکیش لە گۆڕەپانی ئازادی دەستیپێکرد.

لە تل حەمیس لە ناوەندی گشتیی کۆنگرەی ستار و لە تل براکیش لە چوارڕێیانی فڕن جەماوەر دەستیان بە رێپێوان کرد.

کۆبانێ

لە شاری کۆبانێ ژنان لە گۆڕەپانی دارستان کۆبوونەوە و ئاهەنگیان گێڕا. دواتر بەرەو رێگەی جەرابلۆس دەستیان بە رێپێوان کرد.

منبج

لە منبج بە هەزاران ژن و پیاو لە بەردەم نەخۆشخانەی فرات کۆبوونەوە بەرەو شەقامی وادی دەستیان بە رێپێوان کرد.

حەڵەب

لە حەڵەب رێپێوانی ژنان لەبەردەم ناوەندی گشتیی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا لە شێخ مەقسود دەستیپێکرد. ژنان جلوبەرگی نەتەوەییان لەبەرکردبوو و بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدان بەشدارییان لە رێپێوانەکە کرد.

تەبقا

رێپێوان لە تەبقا بە بەشداری سەدان ژن ئەنجامدرا. ئەندامانی دەزگا و دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان،بنەماڵەی شەهیدان و نوێنەرانی پارتە سیاسیەکان بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد. رێپێوانەکە لە گەڕەکی یەکەمینەوە دەستیپێکرد.

رەقا

لە رەقا بە سەدان ژن، ئەندامی دامودەزگا سەربازی و مەدەنییەکان، بنەماڵەی شەهیدان و ئەندامانی پارتە سیاسیەکان بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد.

لە رێپێوانەکەدا کە لە چوارڕێیانی پانۆڕاما لە باشوری رۆژئاوای رەقاوە دەستیپێکرد، وێنەی شەهیدانی ژن و پۆستەرەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پلاکارد بە نوسراوی 'بە بەرخودانی ژن ژیان جوانتر دەبێت و ئێمە تیرۆر لەناو دەبەین" بەرزکرانەوە.

هـ . ب