"لە عەین عیسا ١٢ چەتەی داگیرکەر کوژران"

زیاد حەڵەب فەرماندەی قەسەدە لە ناوچەى عەین عیسا رایگەیاند، هێرشی داگیرکەرانیان بۆ سەر گوندەکانی ناوچەی عەین عیسا تێکشکاندووە و بەلانیکەمەوە ١٢ چەتەى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کوژراون.

سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە هێرشیان کردە سەر گوندەکانی جەهبەل و مشیرفە لە ناوچەى عەین عیسا لە باکوو و رۆژهەڵاتی سوریا و بە تۆپخانەش رێگای ئێم ٤ و دەرووبەریان بۆردومان دەکرد.

شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە چوارچێوەی مافی پاراستنی رەوادا بەرەنگاری هێرشە داگیرکەرییەکان بوونەوە و لەوبارەیەوە زیاد حەڵەب یەکێک لە فەرماندەکان قەسەدە لە عەین عیسا لەبارەی هێرشەکانەوە بە ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) راگەیاند، "لە دەورووبەری کاتژمێر ٠٥:٣٠ دا سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی دەستیان بە هێرش بۆ سەر گوندەکانی جەهبەل و مشیرفە کرد و هێزەکانمان بەرەنگاریان بوونەوە".

لەبارەی بانگەشەى دەزگاکانی راگەیاندنی سەر بە دەوڵەتی تورک، کە دەڵێن ٢ گوند داگیرکراوە، زیاد حەڵەب وتی، "ئەوەى دەزگاکانی راگەیاندنی تورک و ئەوەى ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانکردووەتەوە درۆیە. ئەو ٢ گوندە، کە ئەوان باسی دەکەن هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە و ناوە ناوە لە نێوان شەڕڤانانمان و سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانیدا شەڕ روودەدات".

"١٢ چەتە کوژران و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیش تێکشکێنرا"

زیاد حەڵەب لەبارەى ئەو گورزانەی شەڕڤانان لە سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانیان داوە وتی، "شەڕەکە ٢ رۆژ بەردەوام بوو. ئەوەى شەڕڤانان بە چاوی خۆیان بینیویانە، ١٢ چەتە کوژراون و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیشیان تێکشکێنراوە".

زیاد حەڵەب ئەوەشی وت، "بەرخودانی شەڕڤانمان بە ورەی سەرکەوتنەوە بەردەوامە و رێگاش نادەن چەتەکان بچنە ئەو گوندانە".

ژ.ت