لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت لە هۆل سەرەک چەتەیەکی داعش دەستگیرکرا

ئۆپراسیۆنی کامپی هۆل لە دژی شانەکانی داعش لە چوارەم رۆژدایە. لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتی یەکەکانی دژە تیرۆر (یات / YAT)دا ٢ چەتەى داعش دەستگیرکران.

ئۆپراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ٢٨ی ئادارەوە لە کامپی هۆل لە دژی شانەکانی داعش دەستیپێکردووە و لە ٤هەمین رۆژدا بەردەوامە.

یەکەکانی دژە تیرۆر (یات / YAT) بەپێی زانیاریی پێشوەختە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کامپی هۆل ئۆپراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجامدا. لەو ئۆپراسیۆنەدا ٢ چەتەى داعش دەستگیرکران، کە یەکێکیان سەرەک چەتەیە.

کامپی هۆل بە یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەکانی جیهان دەناسرێت. زیاتر لە ٦٠ هەزار بنەماڵەى چەتەکانی داعش لەو کامپەدان.

هێزەکانی ئاسایشی ناخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە پشتیوانیی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە ماوەى ٤ رۆژە ئۆپراسیۆنێک لەو کامپەدا لە دژی شانەکانی داعش بەڕێوەدەبەن، تاوەکو ئارامی لە کامپەکەدا سەقامگیر بکەن.

تاوەکو ئێستا لە سێ بەشی کامپەکە کاری پشکنین و کۆنترۆڵکردن تەواو بووە. لە ٣ رۆژی رابردوودا ٥٣ چەتە دەستگیرکراون، کە ٥ کەسیان بەرپرسیاری شانەکانی داعش بوون لە کامپەکەدا. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رایانگەیاند، دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر تەلەفون و کامپیۆتەردا گرتووە، کە زانیاریی لەسەر شانەکانی داعش تیادایە.

لە پرۆسەى پشکنین دا تونێلێک و ژمارەیەکی زۆر کێرد و کەلوپەلی سەربازیی چەتەکان دۆزراونەتەوە.

هەروەها لە کامپەکەدا ناسنامەی کەسەکان کۆنترۆڵ دەکرێن. تاوەکو ئێستا ١١ هەزار و ٧٤٧ کەس ناسنامەکانیان کۆنترۆڵ کراون. ئێستا ئۆپراسیۆنەکە لە بەشی چوارەمی کامپەکەدا بەردەوامیی هەیە.

ژ.ت