لە ئیدلب ١٥ چەتەى دەستەى تەحریری شام کوژران و ٦ کەسیان بەرپرس بوون

لە رۆژئاوای ئیدلب بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر کۆبوونەوەیەکی چەتەکانی دەستەى تەحریری شام.

رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، لە گوندی جاکارا لە ناوچەى سەلکین لە رۆژئاوای ئیدلب "کۆبوونەوەى جیهادییەکان" کرایە ئامانجی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو هێرشەدا ١٥ چەتەی دەستەى تەحریری شام (بەرەی نوسرە) کوژراون، کە ٦ کەسیان بەرپرس و فەرماندەى ئەو گروپە بوون.

بەپێی ئەو هەواڵەى لە ماڵپەڕی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سوریادا بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدراوە.

لەو هێرشەدا جگە لە چەتەکانی دەستەى تەحریری شام، چەتەکانی لیوای چیچان-یش کراونەتە ئامانج. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک هێرشەکەى لە ئەستۆ نەگرتووە. گریمانە ئەوەیە لە دوای ئەوەى لە فەرەنسا جیهادییەکی چیچانی هێرشی کردە سەر مامۆستایەکی فەرەنسی و سەری بڕی، ئەو هێرشە بۆ لێدان لەو گروپە جیهادییانەی پلاندانەری کوشتنی مامۆستا فەرەنسییەکە ئەنجامدرابێت.

ژ.ت