لەبارەی هێرشەکەی سەر حەسەکە

داعش و دەوڵەتی تورک بە هەماهەنگی هێرشیان کردە سەر حەسەکە. هەندێک پرسی وەک 'ئایا داعش گەڕایەوە' یان ' ئایا لە رووی هەواڵگریەوە لاوازی هەیە' چاوەڕێی وڵامدانەوە دەکەن. بەڵام پێویستە بزانرێت کە داعش دەیویست ناوچەکە جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.

داعش لە ٢٠ی کانونی دووەمدا لە گەڕەکی خوێرانی حەسەکە هێرشی کردە سەر زیندانی سەناعە. لەو زیندانەدا نزیکەی ٤١٠٠ زیندانی هەبوون. لە هێرشەکەدا جارێکی دیکە چارەنوسی داعشمان بەبیرهاتەوە.

لە ئازاری ٢٠١٩دا لە باغۆزی دێرەزۆ داعش لە رووی سەربازیەوە کۆتایی هات و نزیکەی ١١ هەزار چەتە لەلایەن قەسەدەوە دەستگیرکران.

لە هەمانکاتدا بە گشتی ٧٠ هەزار خانەوادە و منداڵی چەتەکانی داعش لە کەمپەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگیراون.

٤١٠٠ چەتەی داعش کە هێزی سەربازی داعش بوون لە زیندانی سەناعەدا بوون.

٧٠٠ منداڵ کە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدایە و داعش پێی دەڵێت، 'بەچکە شێری خەلافەت' و لەسەر لۆژیکی سەربازی پەروەردەکراون لە ناوەندی چاکسازی زیندانی خوێران راگیراون.

بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش کە بە گشتی هاوڵاتی ٥٤ وڵاتی جیهانن یان بۆ وەرگرتنی چەتەکان لەلایەن وڵاتەکانیان، بەڕێوەبەری خۆسەری باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا و قەسەدە بانگەوازیان بڵاوکردووەتەوە. وڵامی ئەو بانگەوازانە نەدراوەتەوە.

لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش چی کراوە؟

لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکلاییکردنی چارەنووسی چەتەکانی داعش، بەرێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و قەسەدە ٢ پێشنیازیان کرد.

یەکەم، لەو جێگایانەی کە چەتەکان تاوانیان ئەنجامداوە 'کۆبانێ و شەنگال' دادگایەکی نێودەولەتی پێکبهێنرێت.

دووەم، هەر وڵاتێک چەتە داعشیەکانی کە هاوڵاتی ئەوانن وەربگرێتەوە و بەپێی یاساکانی خۆیان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.

بەم مەبەستەش لە تەمموزی ٢٠١٩دا لە ناوچەی عامودێی قامشلۆ، ناوەندی لێکۆلینەوەی رۆژئاوا، فرومێکی نێودەوڵەتی سازکرد.

جگە لە چەند وڵات 'ئەو وڵاتانەش بە تەنها منداڵانیان وەرگرتەوە' هیچ وڵاتێک بە فەرمی وڵامی بانگەوازیەکانی نەدایەوە.

زۆر پرسیار هەیە

دوای هێرشەکەی حەسەکە، دەوڵەتی تورک لە هەمانکاتدا هێرشی کردە سەر شەنگال، تەل تەمر، عەین عیسا و کۆبانێ. زۆر پرسیار هەن کە چاوەڕێی وڵامەکانیان دەکەن.

دوای هێرشەکە ئەم پرسیارانە دەکرێن ' ئایا لە رووی هەواڵگری و ئاسایشەوە لاوازی هەیە' و ئەو لاوازیەی قەسەدە بوو؟

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەدەستهێنراون، کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە هەرێمەکە و شرۆڤەکردن و راگەیاندنی زانیاریەکان بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان، لە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، بە دەستی فەڕەنسایە.

هەموو زانیاریە هەواڵگریەکان پێویستە بە قەسەدە بگوترێن. بەڵام لەم دواییانەدا لە رووی گەیاندنی زانیاری بە قەسەدە، لاوازی هەبووە.

بەریتانیا کە وڵاتێکی سەرەکی هاوپەیمانانە، لەگەڵ قەسەدە بەرپرسیاری ئاسایشی زیندانەکەیە. ئەگەر لە زیندانەکاندا راپەرین و هەڵهاتن و هێرش ئەنجامبدرێت، بەریتانیا پێویستە دەستوەردان بکات، چونکە بەرپرسیار بەریتانیایە.

پێشتریش بۆ ئەوەی چەتەکان هەڵبێن، ژمارەیەک هەوڵ هەبووە، بەڵام قەسەدە رێگری کردووە.

ئەم هێرشە بۆ رزگارکردنی چەتەکان و بڵاوکردنیان لە هەرێمەکە و جیهان ئەنجامدراوە. ئەگەر هێرشەکە سەربکەوتایە، مەترسی داعش لەسەر مرۆڤایەتی زیندوو دەبووەوە.

ئامانجی هێرشەکە ئەوەبوو کە ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە

بەپێی زانیاریەکان کە لە بەرپرسانی قەسەدە بەدەستهێنراون، ئامانجی داعش 'رزگارکردنی چەتەکان نەبوو'، ئامانجی سەرەکی ئەوەبوو جارێکی دیکە چەتە 'رزگارکراوەکان' و ئەو چەتانەی کە لە سەرێکانی، گرێ سپی و عێراق هاتبوون، لە حەسەکە تاوەکو رەقا و دێرەزۆر کۆنترۆڵ بکەنەوە.

زیندانی سەناعە کە وەک بۆمبێکی مەترسیدارە بۆ تەقینەوە، لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە وەک ' کۆگایەکی شەڕڤانانی ئامادە' دەبینرێت.

ف.ق