لەدژی داگیرکەری و خیانەت گەنجانی رۆژئاوا سەفەربەریان راگەیاند

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێری هەرێمی جزیری رۆژئاوای کوردستان لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و خیانەتی پەدەکە سەفەربەریان راگەیاند و داوای لە گەنجان و هەموو کەسێک کرد کە لەدژی داگیرکەری سەفەربەر ببن.

بە ئامانجی پشتگیریکردن لە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێری سوریا، بە راگەیەنراوێک سەفەربەریان راگەیاند. راگەیەنراوەکە لە حەسەکە بە ئامادەبوونی دەیان ئەندامی تەڤگەرەکە و تەڤگەری یەکێتی ژنانی گەنجی هەرێمی جزیر خوێندرایەوە.

جان فۆرین ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێری سوریا لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە چواڕیانی ناسری حەسەکە راگەیەنراوەکەی خوێندەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا کە هێزە ئیمپریالەکان، نێودەوڵەتیەکان پیلانگێڕێ و هێرشی دژی گەلی کوردستان بەردەوامی پێدەدەن، ئامانجیان ئەوەیە کە گەلانی کوردستان و دەستکەوتەکانیان و تەڤگەری رزگاری کوردستان لەناوببەن.

هەروەها ئەوەخرایەڕوو کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوژمنی سەرەکەی تەڤگەری ئازادیە و ئامانجیشی داگیرکردنی کوردستانە و وتی، " لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاری پەدەکە و بە تایبەتی ماڵباتی بارزانی وادەکات کە بە شێوەیەکی ئاشکرا خیانەت لە خوێنی شەهیدان بکرێت.

گەریلاکانی ئازادی کوردستان (هەپەگە) گەرەنتی هەبوونی گەلی کورد و سەرکەوتنی کوردە. پاراستنی کوردستان نە تەنها ئەرکی ئەو هێزانەیە بەڵکو ئەرکی هەموو کەسێکە."

لە راگەیەنراوەکەدا تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێر لەدژی سوپای داگیرکەری تورک و پەدەکە کە لەدژی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دەستیان بە هێرش کردووە، سەفەربەری راگەیاند.

ف.ق