لەیلا ئەحمەد: دەوڵەتی تورک لە مۆدێلەکەمان دەترسێت

لەیلا ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی کۆبانێ وتی: "ئەوەی دەوڵەتی تورک لێی دەترسێت مۆدێلی خۆبەڕێوەبەرییە، کە بە فەلسەفەی نەتەوەیی دیموکراتیکەوە دامەزراوە، بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەری، پاساو بۆ خۆی دەتاشێت".

لەیلا ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی کۆبانێ ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە خەڵک بترسێنێت و ناوچەکە چۆڵ بکات.

لەیلا ئەحمەد قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە دوای داگیرکردنی ناوچەی نوێویەوەیە و ئاماژەی بە سیاسەتی سڕینەوە و بێ کورد کردنی ناوچە داگیرکراوەکان کرد و وتی: "دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەمان شت دووبارە بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش بۆ خۆیان پیلانگێڕی دروست دەکەن. ڕووداوەکەی تەقسیمیش پیلانگێڕییە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکە. ئەگینا ئێمە باش دەزانین، کە بۆ ماوەی ساڵێکە ئامادەکاری بۆ هێرشەکە دەکەن".

'ئەوان لە مۆدێلەکەی ئێرە دەترسن'

لەیلا ئەحمەد وتیشی: "ئەوەی دەوڵەتی تورک لێی دەترسێت مۆدێلی خۆبەڕێوەبەرییە، کە بە فەلسەفەی نەتەوەیی دیموکراتیک دامەزراوە. دەزانرێت، کە ئەم مۆدێلە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی تورکیش دەبێت. دەوڵەتی تورکیش بۆ ئەوەی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری لەناوببات، هەموو ڕۆژێک سیناریۆی نوێ دروست دەکات و هەموو ڕۆژێک پاساو بۆ هێرشکردن و پەلامار دان دەتاشێت".

'هێزە نێونەتەوەییەکانیش بەرپرسیارن'

لەیلا ئەحمەد ڕایگەیاند، هێزە نێونەتەوەییەکانیش بەرپرسیارن لەو هێرشانە و وتی: "گەلانی ئێرە قوربانییەکی زۆر قورسیان لە دژی داعش داوە. ئێمە ئەم خاکەمان بە خوێنی ڕۆڵەکانمان ڕزگار کردووە و هەرگیز ڕێگەنادەین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر بکرێت. ئەوەی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی چاوەڕوانی دەکەین ئەوەیە، کە بە لایەنی کەمەوە ئەرکی ئەخلاقی خۆیان جێبەجێ بکەن".

ژ.ت