مەراسیمێک بۆ شەهیدانی یات سازکرا

لە حەسەکە مەراسیمێک بۆ ئەو شەڕڤانانەی یات کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەردا شەهید بوو مەراسیمێک سازکرا.

بەدەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی هەرێمەکانی جزیر، رەقا، فرات، منبج، شەهبا و دێرەزۆر بەمەبەستی بەشداریکردن لە بەخاکسپاردنی تەرمی ٩ شەڕڤانی یات کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوە هەلیکۆپتەردا شەهیدبوون روویان کردە حەسەکە.

مەراسیمەکە لە یاریگای سەردەمی حەسەکە بەڕێوەچوو، بەشێک لە جەماوەرەکە چوونە ناو یاریگاوە و بەشێکیشیان لە نەخۆشخانەوە تەرمەکانیان لەسەر شان بۆ یاریگاکە گواستەوە.

فەرمانەدەکانی قەسەدە مەزڵوم و نەورۆز ئەحمەد، هاوسەرۆکانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێریڤان خالید و عەبد حامد ئەلمەهباش، فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆری یەنەکە وەهاب هەڵەبجەیی و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک ئەمینە عومەریش بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد .

هەریەک لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە، عەبد حامد هاوسەرۆکی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەمینە عومەر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)، سەلما خەلیل هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی جزیرە و مەلا عەبدولرەحمان بەدرخان نوێنەری کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک وتەیان پێشکەش کرد.

لە وتارەکاندا سەرنج راکێشرا بۆ سەر تێکۆشانی شەهیدان کە لە دژی هەموو هێرشەکانی سەر هەرێمە و بەتایبەتی لە دژی چەتەکانی داعش بەشدار بوون لە بەرخودان و باسیان لە پاراستنی دەستکەوتەکان و گیانبازییەکانی شەهیدان کرد.

هەروەها لە وتارەکاندا باس لە کوشتنی ٤ کورد کرا کە دەیانویست لە ناوچەی جندرێسی عەفرین ئاگری نەورۆز بکەنەوە و داوایان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و هەموو هێزەکانی سوریا کرد کە کۆتایی بە داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە عەفرین بهێنن.

بە وتنەوەی دروشم تەرمی شەهیدەکان رەوانەی شارەکانیان کرا

مەراسیمەکە دوای پێسکەش کردنی وتارەکان کۆتایی هات و تەرمی ٩ شەڕڤانە شەهیدەکان بە دروشمەکانی "شەهید نامرن"، "بژی بەرخودانی یەپەگە"، "بەگیان بە خوێن لەگەڵتاین ئەی شەهید" رەوانەی ناوچە و شارەکانیان کران.

تەرمی شەڕڤان کۆبانێ (عەبدۆ ئەحمەد عەبدی) لە کۆبانێ، فەراشین باران (نەژبیر مەحمود حەمدۆ)، دیدار دێرک (حەمدیە سەیدۆ سەیدۆ)، هۆگر دێرک (عەلا عەدنان حەمید)، دۆغان عەفرین (هادی حەمدوشرک زاهیر)، کۆچەر دێرک (دوێش ئەحمەد عومەر) و تەرمی هارون رۆژئاوا (مەجید سلێمان محەمەد لە دێرک، تەرمی رۆژەنگ رەفعەت (بەرفین بیلال رەفعەت) لە شەهبا و تەرمی خەبات دێربێسی (رێناد عیزەدین عەلی) لە دێربێسی بەخاکدەسپێردرێن.

هـ . ب