مەسەدە: لەسەدا ٧٠ی عەفرینییەکان کۆچبەر بوون

ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) سیاسەتی پاکتاوی ئەتنیکی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، "لە سەدا ٧٠ دانیشتوانی عەفرین لە زێدی خۆیان ئاوارە و کۆچبەر بوون".

مەسەدە سەبارەت بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە لە دژی کوردان و بۆ گۆڕینی دیموگرافیا پەیڕەوی دەکات راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "لەیەکەم ساتی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە مەسەدە هەموو دەرفەت و توانا سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خستەگەڕ بۆ خزمەتکردنی گەلی سوریا کە بەهۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتبوو و پەیوەندییەکانیشی لە پێناو کردنەوەی دەروازە مرۆییەکان بەمەبەستی تێپەڕبوونی هاوکاری و پێداویستییەکان بەکارهێنا. مەسەدە هانی دەستپێشخەرییە هەرێمیەکانیدا لە ناوخۆی سوریا، چ مەدەنی، گەل یاخود لە رێگەی خۆبەرێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

دوای تێپەڕبوونی ١٤ رۆژ بەسەر کارەساتەکەدا ئەو سیاسەتانەی لە کارەساتەکەدا بەکارهێنران دەرفەتەکانی رزگارکردنی هاوڵاتیانی لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان و گەیشتنی هاوکاری بە لێقەوماوانی ئاستەنگ کرد.

گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر قەدەغەی کرد کە هاوکارییەکانی خۆبەڕێوەبەری کە لەماوەیەکی خێرادا گەیشتنە دەروازەکان، بپەڕنەوە. سیاسەتی ناوخۆی تورکیا یاخود میدیای ئاکەپە ئەوەی نیشاندا کە دەبێت سەرەتا لێقەوماوانی تورک رزگاربکرێن و دەسەڵاتی نەژادپەرستانەی خۆی لە رزگارکردنی هاوڵاتیان و هاوکاری لێقەوماوان بەکارهێنا. بەڵام ئەو تاوانانەی کە لە دژی لێقەوماوانی سوریا ئەوانەی لە باکور و رۆژئاوای سوریا کراون، بە نوێنەرایەتی فەرمانەکانی دەوڵەتی تورک کرابوون. بەوەوە گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک رێگرییان لە هاوکارییەکانی خۆبەڕێوەبەری کرد و راگەیەندراوەکانی دەستەی بەرگریی شارستانییان لە بارەی پێویستی بەو هاوکارییانە پشتگوێ خست. بەڵام بەهۆی ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی و نیشتمانی ئێمە هەوڵماندا کە هاوکاری بگەیەنین، سەرباری ئەوەی دەمانزانی لەگەیاندنی هاوکارییەکان ناتوانرێت متمانە بەو گروپە تیرۆریستیانە بکرێت.

ئێمە بە توندی سیاسەتەکانی گۆڕینی دیموگرافیا کە دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان لە باکوری رۆژئاوای سوریا ئەنجامی دەدات شەرمەزار دەکەین. داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەین کە دەستوەردان بکات و گوشار بکات بۆ ئەوەی کورد لە شوێنی رەسەنی خۆیانی کۆچبەر نەکرێن، هەروەها تائێستا زیاتر لە سەدا ٧٠ی دانیشتوانی عەفرین کۆچبەر کراون.

ئێمە لە بارەی پارەدارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو هاوکارییە نێونەتەوەییانەی بۆ سورییەکان نێردراون، هۆشداری دەدەن، بەتایبەتی کە هەندێک دەوڵەت ئەوەیان تەرخان کردووە کە شوێن و گوندی نوێ لە سەر زەوییەکانی هاوڵاتیانی کورد دروست بکرێن.

هەروەها ئێمە تۆپبارانکردنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەرمەزار دەکەین.

دەسەڵاتداری دیمەشقیش کارەساتەکەی بە گوێرەی بەرژەوەندییە سیاسیە تەنگەکانی خۆی بەکارهێنا، دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکانی بۆ هاریکاری رەتکردەوە. سیاسەتی دەسەڵاتی دیمەشق بەرپرسی سەرەکیە لە داڕوخانی دۆخی مرۆیی و ئابووری هاوڵاتیان. مەسەدە بەر لە ماوەیەک بانگەوازی ئاراستەی سورییەکان کرد کە ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و بەرەیەکی دیموکراتیکی بەرفراوان بۆ بەڕێوەبردنی دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ دەسيڵات دروست بکەن بۆئەوەی لە زیندووکردنەوەی خەباتی سیاسیدا ببێتە یارمەتیدەر و هەموو هێز و لایەنە سورییە چالاکەکان تیایدا بوونیان هەبێت بۆ ئەوەی بڕیاری ٢٢٥٤ ی نەتەوەیەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێت.

مەسەدە هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکات کە ژیانیان لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت".

هـ. ب