مەسەدە و هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا پلانێکی هاوبەشیان ئاشکرا کرد

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا لەسەر بارودۆخی سوریا و پرسی هەڕەشە و ئامانجەكانی دەوڵەتى تورک، بە ئامادەبوونی دەیان ڕێكخراوی جیهانی لە شاری قامیشلۆ باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا كۆبونەوە.

ئامینە عومەر، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەم قۆناغە هەستیاردا كۆبووینەوە لەسەر چەند ئاستێك و هەروەها باسمان لە چەندین دۆسێ و نیگەرانی هەموو سوورییەكان كرد، هەروەها باسمان لە پرسی هەڕەشە و تەماح و ئامانجەكانی توركیا كرد، ئەمە جگە لەوەی باسمان لە پرسەكانی پەیوەست بە پێشێلكاری و گۆڕانی دیمۆگرافی لە سوریا كرد، دەشڵێت، باسمان لە دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و شوێنی نیشتەجێبوونی ڕەسەنیان لە ڕێگەی میكانیزمی سەلامەتەوە كرد.

ئامینە عومەر وتیشی، باسمان لە لێكنزیكبوونەوەی سوریا و توركیا كرد لەژێر چاودێری ڕوسیا و مەترسییە ئەمنییەكان و گفتوگۆمان لەبارەى ناسەقامگیری ناوچەكە بەهۆی ئەم لێكنزیكبوونەوە كرد، كە ڕێگری لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی سوریا دەكەن، بەشێوازێك، كە جێگەی ڕەزامەندی بۆ هەموو لایەنە سوریاییەكان بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، باسمان لەو هەوڵانە كرد، كە دەدرێن بۆ داڕشتنی چارەسەرێكی سیاسی بەپێی بڕیارنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەتایبەتی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەكگرتووەكان.

ئامینە عومەر ئەوەشی خستەڕوو، چەندین خاڵی هاوبەش لەنێوان هەردوو لایەن (ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا)دا هەیە، ئەو خاڵانەش لەماوەی داهاتوودا دەگۆڕدرێن بۆ كردەوەی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

ئارام دۆمانی، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا لە گۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕایگەیاند، ستایشی ئەزمونی ئیدارەی خۆسەری لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەكەین، ئەم سەردانە دوای چەند دیدارێك هات، كە لە نێوان هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات ئەنجامدرا لە واشنتۆن و ئەوروپا، هەروەها ئێمە ئەو ئەزموونە سەركەوتووەمان لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بینی، كە ئەوان بۆ خزمەتكردنی خەڵك و دانیشتووان و بڵاوكردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری كردویانە.

باسی لەوەشكرد، ئەمڕۆ گەلی سوریا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە دیمۆگرافی سوریا و ڕادەستكردنی ناوچەكانی باشوور بە ڕژێمی سوریا و ئاوارەكردنی دانیشتووانەكەی بۆ باكووری سوریا، و بەم شێوەیە داگیركەری توركیا چەندین ئۆپراسیۆنی سەربازی دەستپێكرد لە باكووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سوریا، بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران كەس بۆ ناوچەكانی دیكەی وەك عەفرین.

لە كۆتاییدا ئارام دۆمانی وتى، سوپاسی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی دەكەین، بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەكی هاوبەش لە نێوان هێزە نیشتمانییە دیموكراتییەكان بە مەبەستی چارەسەرێكی سیاسی و گۆڕانكاری دیموكراسی لە سوریا.

ف.ق