مەزڵوم عەبدی: دەبێت هاوپەیمانان داعشییەکان و بنەماڵەکانیان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە لە پەیامەکەیدا بۆ کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە دژی داعش، کە لە شاری رۆمای ئیتالیا بەڕێوەدەچێت داوایکرد، هاوپەیمانان داعشەکان و بنەماڵەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) پەیامێکی بۆ کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژ بە داعش لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتالیا نارد و باسی لەو دەیان هەزار داعشییە و بنەماڵەکانیان کرد، کە لە کامپەکاندان.

پەیامەکەى عەبدی، کە لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە:

"هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی سبەی کۆدەبێتەوە تاوەکو گفتوگۆ لەسەر تێکشکاندنی داعش و بە مسۆگەری پێکهێنانی سەرکەوتنی هەمیشەی بکات، دەبێت ئێمە لە بیرمان نەچێت، کە هێشتا دەیان هەزار ژن، منداڵ و چەتەى داعش لە کامپەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریادان.

ئێمە داوا لە هاوپەیمانی دەکەین، کە ئەو کەسانە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و پشتیوانی لە بەرنامەی خوێندن و تێکۆشان لە دژی هێزە توندڕەوەکان بکەن. هەروەها پشتیوانی لە چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری لە ناوچە رزگارکراوەکاندان بکەن، تاوەکو هۆکارە ریشەییەکانی توندڕەوەی چارەسەر بکرێن".

ژ.ت