مەزڵوم عەبدی: لە ٢٠٢١دا دەرفەتی چارەسەریی دیموکراسی پێشدەکەوێت

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢١ دا ئەگەر کەمیش بێت، دەرفەتی چارەسەریی سیاسی پێشدەکەوێت.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە کەناڵی ئاسمانیی رۆناهی تی ڤی دا لەبارەی دۆخی سیاسی، پێشهاتەکان و چارەسەری دیموکراسی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک قسەى کرد.

مەترسیی داعش

عەبدی رایگەیاند، داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە و وتی، "لە هەلومەرج دەگەڕێت تاوەکو جارێکیتر وەک مەترسییەکی گەورە خۆی دەربخاتەوە. ئەگەر تێکۆشان لە دژی داعش لاواز ببێت، ئەوا جارێکیتر سەرهەڵدەداتەوە. بۆ نمونە داعش کێشەى خۆ دابینکردنی نییە و لە هەندێک ناوچەى چۆڵەوانیی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و عێراق دا کەمپیان هەیە. لەو شوێنانەدا چەتەکانیان پەروەردە دەکەن و هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ئێمە و هاووڵاتییانی مەدەنی دەکوژن. بۆ ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە. ئێمە هەموو کات بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش دەڵێن، دەبێت لەم بوارەدا هەڵە و کەموکورتی روو نەدات. چونکە ئەگەر تێکۆشان لە بەرامبەر داعش لاواز ببێت، ئەوا مەترسیی گەورە بۆ سەر هەموو جیهان دروست دەبێت".

دیالۆگ لە نێوان هێزە کوردییەکاندا

عەبدی لەبارەى دیالۆگ لە نێوان هێزە کوردییەکاندا وتی، "دیالۆگ هێشتا بەردەوامیی هەیە، بەڵام ماوەیەکە ئارایەکمان داوە. شاندی ئەنەکەسە ماوەیەک بوو رۆیشتبوو بۆ دەرەوە، نوێنەرانی گارانتیی ئەمریکی، کە بەشداری ئەو چاوپێکەوتن و دانوستانانە دەبوون لێرە  نەبوون، لەبەر ئەوەش ئارایەک و پشوویەکمان بە چاوپێکەوتنەکان دا. هیوادارین کاتێک ئەو لایەنانە ئامادە بن دیسانەوە دیالۆگ دەست پێبکاتەوە.

بە بڕوای من، هەندێک کاری باش کرا. لەسەر یەکێتیی کوردانی رۆژئاوا هەندێک کێشە هەبوون و کەمیش بێت چارەسەر کران. ئەوەى ئێمە لەو چاوپێکەوتنانەدا لێی تێگەیشتین، ئەوە بوو، ئەگەر کورد بیەوێت خۆی دەتوانێت لە ناو خۆیدا کیشەکان چارەسەر بکات و یەکێتیی خۆی دروست بکات. هەندێک کێشە هەبوو، هەندێک بابەتی سیاسیی ناکۆک هەبوون، ئەو ناکۆکییانە تێپەڕێندران. ئێمە لەسەر  هەڵسوکەوت لەگەڵ رژێمی سوریا و هەندێک هێزی دەرەوەی ناوچەکەش گەیشتینە بۆچوونێکی هاوبەش.

لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی رۆژئاواش، ئێمە گەیشتینە رێککەوتن. هەرچەند هێشتا نەچووبێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەسەر ئەوەى ئەنەکەسە چۆن لە بەڕێوەبەریی خۆسەردا بێت، گەیشتینە بۆچوونێکی هاوبەش. بە بڕوای من، ئەو کێشانەى کە ماون، کێشەى گەورە و بنەڕەتی نین، دەکرێت ئەوانەش لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. کاتێک هەر دوو لایەن ئامادە بن، ئەوا دیالۆگەکان درێژەیان پێدەدرێت. دەبێت لە رۆژئاوا رێککەوتنێک دروست ببێت. چونکە یەکەمجارە لەسەر خاکی رۆژئاوا دیالۆگێکی بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت. ئەوانە لە چوارچێوەى دانوستانەکان لە قامیشلۆدا پێشدەکەون. بە بڕوای من، بۆ ئەوەى ئەو قۆناغە بە سەرکەوتن بگات، دەبێت هەموو کەس باشتر کار بکات".

کۆبوونەوەی کەنەکە

عەبدی لەبارەى هەوڵەکانی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بۆ یەکێتیی کوردان وتی، "ئەو کۆبوونەوەیە، کە کەنەکە لەگەڵ یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستاندا ئەنجامیدا، منیش تیایدا بەشدار بووم. کوردستان ئیدی کوردستانی ٢٠ ساڵ لەوە پێش نییە. پێش ساڵی ٢٠٠٠ شەڕ لە نێوان هێزە کوردییەکاندا رووی دەدا، هێزەکانی باشوور لە ناو خۆیاندا شەڕیان دەکرد، لە نێوان پەکەکە و پەدەکەدا شەڕ رووی دەدا، بەڵام ئیدی ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند و بە جێمان هێشتوون. هێزەکان گۆڕان، رای گشتیی کورد دروستبووە، ئیدی ئێمە دۆستمان هەیە. لەبەر ئەوانەش ئەو هێزەى بیەوێت شەڕ هەڵگیرسێنێت، پشتیوان، یان کەس نادۆزێتەوە لایەنگریی لێ بکات. لەو ماوە کورتەدا کە ئاڵۆزی تیایدا رووی دا، تاکە کەسێک یان رێکخراو و حیزبێکی کوردان نەیوت من لایەنگری شەڕم. بە پێچەوانەوە هەموان لە دژی شەڕ دەوەستانەوە. حیزب وهێزەەکان لە دژی وەستانەوە. زۆرێک لە دۆستانی نێونەتەوەیی و ناوچەییمان بە عێراقیشەوە لە دژی ئەوە نیگەرانیی و مەترسیی خۆیان خستەڕوو. لەبەر ئەوەش کەس پشتیوانی لەو شەڕە ناکات.

پەکەکە و پەدەکە ٢٠ ساڵ کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر دەکەن

ئەو دۆخە زیان بە دەستکەوتەکانی کورد دەگەیەنێت. کام هێز بکەوێتە ناو شەڕێکی لەو شێوەیە، ئەوا گەلی کورد لێی نابورێت. ئێستا ئێمەش بۆ ئەوەى رێگری لەو شەڕە بکەین لە تێکۆشانداین. وەک هێزەکانی رۆژئاوا لەو رووەوە هەوڵ و هەڵوێستمان هەیە. بانگەوازی ئێمەش ئەوەیە، کە کێشەکان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. چۆن پەکەکە و پەدەکە ماوەى ٢٠ ساڵە کێشەکانی خۆیان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەر دەکەن، دەبێت لە ئێستاش بە دواوە هەر وابێت، چونکە دۆخەکە هیچ نەگۆڕاوە. بەڵام ئەگەر لایەنێک بیەوێت شەڕ بکات، ئێمە وەکو هێزەکان رۆژئاوا لە بەرامبەریدات دەوەستینەوە. بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ ناکەین. لەو رووەوە هەڵوێستمان زۆر روونە. ئێمە هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین، کە لایەنێک دۆخی دیفاکتۆ بسەپێنێت. چونکە ئەو دۆخە زیانی گەورە لە شۆڕشی رۆژئاوا دەدات. کاریگەری لەسەر ئەو دەستکەوتانە دروست دەکات، کە ١٠ ساڵە بە خوێنی شەهیدان بە دەستهێنراون. بۆ نمونە ئێوە باسی دیالۆگتان لە نێوان کورداندا کرد، ئەوەش کاریگەریی خۆی دەبێت. شوێنێک کە شەڕی تیادا بێت، چاوەڕێ ناکرێت دیالۆگ لە نێوان کورداندا بەردەوامیی هەبێت. چونکە پەیوەندیی بە هەر دوولایەنەوە هەیە و ئەوەش کاریگەریی خۆی هەیە. بۆ نمونە گەنجانی رۆژئاوا لە ناو پەکەکەدان، باشە دەکرێت ئەوان بەو دۆخە کاریگەر نەبن. لەبەر ئەوەش ئەوانەى خۆیان وەک هێزی نەتەوەیی پێناسە دەکەن دەبێت لە بەرامبەر شتێکی وەهادا و لە بەرامبەر شەڕێکی وەهادا بوەستنەوە. بە تایبەتی دەبێت لە بەرامبەر لایەنێکدا کە شەڕ دەسەپێنێت، بوەستنەوە و خاوەن هەڵوێستێکی روون بن.

پەکەکە ٤ هەزار شەهیدی لە رۆژئاوا داوە

لە ساڵێ ٢٠١٤دا لە دهۆک رێککەوتنێک ئیمزا کرا. لەوێدا بابەتێکی گرنگ هەبوو. تەڤدەم و ئەنەکەسە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی رێککەوتنێکیان ئیمزا کرد. ئەو دوو لایەنە بۆ ئەوەى یارمەتیی رۆژئاوا بدەن، بانگەوازیان بۆ پەکەکە و هێزەکانی باشووری کوردستان هەبوو، ئەوە بڕیارێکی لە جێدا بوو، لە هەمان کاتدا هەڵوێستێکی سروشتی بوو. چونکە هێزەکانی تر دۆستی ئێمە نین، بڕیاری ئێمە، ئێمە خۆمان بۆ خۆمانین، ئێمە یەکین. هەر خۆی لە شەڕی کۆبانێدا هێزەکانی کورد هاتن بۆ هاوکاریمان، لە هەمووانیش زیاتر هێزەکانی پەکەکە هاتن. هەزاران گەریلا لەوێدا شەهید بوون. ساڵەهای ساڵ شانبەشانی ئێمە شەڕیان کرد. ٤ هەزار شەهیدان داوە و تاوەکو دوا هەناسەیان لە پاڵ ئێمەدا شەڕیان کرد. پێش داعش لە بەرامبەر بەرەی نووسرە و قاعیدە شەڕێکی گەورە هەبوو و ئەوان هاتن و خەڵکێ رۆژئاوایان پاراست. ئێمە وەک خەڵکی رۆژئاوا و وەک هێزەکانی بەرگری و پاراستن، تەنها دەتوانین سپاسی خۆمان پێشکەشی پەکەکە و هێزەکانی تر بکەین.

هاوکاری نێوان هێزە کوردییەکان و بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان ٢ بابەتی جیاوازن

ئەو دۆخە راستیی گەلی کورد دەخاتە بەرچاو. ئەگەر سبەی لێرە شەڕێک رووبدات، ئەو هێزەى بیەوێت هێرش بکاتە سەرمان، ئێمە جارێکیتر داوای هاوکاری لە هێزە کوردییەکان دەکەین. ئەوەش کارێکی زۆر ئاساییە و زۆر سروشتییە. ئەوە بابەتێکی ترە، بەڵام بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستانیش بابەتێکی ترە.  هەندێک کەس ئەو دوو بابەتەیان لێدەشوێت و تێکەڵ و پێکەڵی دەکەن. ئێمە وەک هێزەکانی رۆژئاوا دەمانەوێت لەگەڵ هێزەکانی تری کورددا پەیوەندیی خۆمان بەرەو پێش ببەین. چونکە ئێمە کوردین و هەمومان پێویستمان بە یەکترە، بەڵام خۆبەڕێوەبردنی رۆژئاوا بۆ خۆی بابەتێکی ترە. ئەوە کاری خەڵکی رۆژئاوا و بەڕێوەبەریی رۆژئاوایە. سنوورەکەى ئێمە سنوورێکی گەورەیە، سنوورێکی ٥ ئەوەندەی لوبنانە. ملیۆنەها مرۆڤ تیایدا دەژین. ٧ هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر هەیە. نیوەی ئەو هەرێمانە گەلی عەرەب و گەلانی ترن. ئێمە بەڕێوەبەریمان هەیە و خۆیان بڕیاری خۆیان دەدەن. هاوکاریکردن و یارمەتیدان بابەتێکی ترە، بەڵام خۆبەڕێوەبردن بابەتێکی جیاوازە.

ئێمە ئێستا لە هەوڵ و گەڕاندانین، کە چۆن بتوانین بەڕێوەبەریی خۆمان گەورە بکەین و بەرەو پێشی ببەین. ئێمە هەوڵ دەدەین وەک بەڕێوەبەریی ببینە خاوەن بەرپرسیاریی گەورە. بۆیە ئەو دوو بابەتەى کە باسمان لەسەرکردن نابێت تێکەڵ بکرێن. ئێمە هاوکاری و پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان وەردەگرین، بەڵام بەڕێوەبردنی رۆژئاوا بابەتێکی جیاوازە".

هێرشەکانی سەر شەنگال

عەبدی رایگەیاند، لە نێوان شەنگال و رۆژئاوادا پەیوەندییەکی تایبەت هەیە و وتی، "لە راستیدا لە نێوان شەنگال و رۆژئاوادا پەیوەندییەکی تایبەت هەیە. لە نێوان ئێمەدا پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە. لە فەرمانەکەى ساڵی ٢٠١٤دا و کاتێک ئێمە رۆیشتین بۆ هاوکاریی گەلی ئێزدیمان، ئێمە لەوێ نزیکەى ٣٠٠ شەهیدمان دا. ئێمە کریدۆر و رێڕەوێکی مرۆییەمان کردەوە و گەلی ئێزدیمان گەیاندە ناوچەى ئارام. لەبەر ئەوە داهاتوی گەلی ئێزدی پەیوەندیی بە ئێمەشەوە هەیە و ئێمە لەو بوارەدا بۆچوونی خۆمان بۆ لایەنەکانی تریش خستووەتەڕوو. ئێمە ئەو بۆچوونەمان هەم لەگەڵ عێراق، هەمیش لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دا باسکردووە و ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتەڕوو. ئەو هەڵوێستەشمان بەردەوام دەبێت. ئێمە بە هەموو کەس و لایەنەکانمان وتوە، گەلی ئێزدی تەنها نییە و ئێمە ئەوەشمان بۆ هەموان سەلماند. راستە شەنگال بەشێکە لە عیراق، بەڵام پەیوەندیی بە ئێمەشەوە هەیە. پێش هەموو شتێک خۆبەڕێوەبردن مافێکی بنەڕەتیی گەلی ئێزدییە. گەلی ئێزدی فەرمانی زۆری بەسەردا هاتووە. لەبەر ئەوەش بڕوایان بەرامبەر بە دەرەوە و هێزەکانی دەرەوە شکاوە. بۆ ئەوەش باشترین کار ئەوەیە، کە لە شەنگال رێککەوتنێک، یان چارەسەرێک بکرێت، کە دەبێت ئیرادەی گەلی شەنگالی تیادا بە بنەما وەربگیرێت. چارەسەری تەنها بەو شێوەیە دەبێت. ئەوەى ئێمە هەڵوێستمان بۆی نیشانداوە و لە دژی وەستاوینەتەوە، ئەوەیە، کە ئیرادە و خواستی گەلی شەنگال لەو رێککەوتنەدا نییە.  

بێگومان کێشەکە بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن چارەسەر دەبێت، بەڵام دەبێت ورە و خواستی گەلی شەنگال بە بنەما بگیرێت. هێزی پاراستنیان هەیە، هێزی سیاسییان هەیە، ساڵەهایە خەڵکی شەنگال دەپارێزن. لە بەرامبەر داعش شەڕیان کرد و شەهیدان دا، لەبەر ئەوە دەبێت بە فەرمی بناسرێن. دەبێت ببنە بەشێک لەو رێککەوتنە. دەبێت بەردەوام بن لەپاراستنی گەلی خۆیان. گەلی شەنگال پێویستیی بەوە هەیە. ئەگەر ئیدارەیەک دروست ببێت، دەبێت ئەوانەى کە تاوەکو ئێستا گەلی شەنگالیان پاراستووە و رێکیانخستوون لەو ئیدارەیەدا بن. لە دیاریکردنی قائیمقامی شەنگالیشدا دەبێت ئیرادەی گەلی شەنگال بە بنەما وەربگیرێت. ئێمە لەو بابەتەدا تاوەکو دوا هەناسە پشتیوانی گەلی شەنگال دەبین. ئێمە بە بەردەوامی پشتیوانی لە یەبەشە و هێزەکانی تری بەرگری و پاراستن دەکەین".

خەبات و کارەکانی مەسەدە

عەبدی لەبارەی خەباتی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) وتی، "ئەو کۆنگرەیە لە دوای ئامادەکارییەکی دوور و درێژ رێکخرا. مەسەدە ئامادەکاریی بۆ دەکرد. زۆر کەس و لایەنی جیاجیا بەشداری ئەو کۆنگرەیە بوون، بڕیاری گرنگی تیادا درا. بەڕێوەبەریی خۆسەر لە کاتی شەڕدا دامەزرابوو، زۆر بە ئاسانی دانەمەزرابوو، لە هەلومەرجی زۆر دژواردا دامەزرابوو. لەبەر ئەوەش زۆر لایەنی کەموکوڕی هەیە و دەبێت کامڵ بکرێت. لەم کاتەدا هەندێک داوای گەلیش هەیە. بێگومان بەرێوەبەری کاری زۆر گرنگی کردووە، بەڵام هەندێک کەموکوڕیی جدیش هەیە، بەڵام دەبێت ئیدی ئێمە دەست بە قۆناغێکی نوێ بکەین. ئەو کێشانە، کە گەل چاەڕێن ئێمە چارەسەریان بکەین، دەبێت ئێمە بە خێرایی چارەسەریان بکەین. ئەو بڕیارانەی دراوان لە بنەڕەتدا بەرنامەى ساڵی ٢٠٢١ی ئێمەن. لەبەر ئەوەش ئەو کێشانەى بوونە رۆژەڤی کۆنگرەکە و بڕیاریان لەسەر درا، دەبێت بۆ چارەسەرکردنیان کارێکی زۆر گەورە بکرێت".  

عەبدی لە کۆتایی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "ئێمە پێدەنێینە ساڵێکی نوێ، بەڵام مەترسیی هەر بەردەوامی هەیە. دژومنەکانمان دەیانەوێت هێرشی نوێ ئەنجام بدەن، دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر پاکتاو بکەن. دەبێت گەلەکەمان خۆی بۆ بەرەنگاریی ئەو دۆخەش ئامادە بکات. ئێمە وەک هێزی پاراستن خۆمان ئامادە دەکەین. ئێمە ئامادەین، کە هەر هێرشێک رووبدات، تێکبشکێنین و پووچی بکەینەوە.

دەبێت ساڵی نوێ بۆ رۆژئاوا ببێت بە ساڵی هەڵمەتێکی نوێ. هیوا و ئومێدمان لە گەلەکەمان ئەوەیە، کە خاوەنداری لە شۆڕش و دەستکەوتەکانی خۆیان بکەن. دەبێت زۆر باشتر بەشداری بەڕێوەبەریی خۆسەر ببن. دەبێت ئێمەش بڕوا و هیوامان بە داهاتووی خۆمان هەبێت. دەرفەتی ئێمە لە هی دوژمن زیاترە. بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە بە ورە و خرۆشانێکی گەورەوە تێبکۆشین و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەى خۆمان بپارێزین".

ژ.ت