ناسنامەی 2 شەهیدی قەسەدە ئاشکرا کرا

قەسەدە لە بەیاننامەیەکی نوسراودا ناسنامەی دوو شەڕڤانی ئاشکرا کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆر و داگیرکاری لە گوندێکی حەسەکە و ناوچەی عەین عیسا شەهید بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە ناسنامەی 2 شەڕڤانی قەسەدەی ئاشکرا کرد کە لە 19-21ی تەمووزی 2021 شەهید بوون.

راگەیەنراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیەیە:

"هێزەکانمان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەردەوامن لە چاودێریکردنی شانەی تێرۆریستانی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێزەکانمان بەڵێنی پاراستنی دانیشتووانی هەرێمەکە لە هێرشەکانی داعش دوپات دەکەنەوە. قوربانیدانی شەڕڤانە قارەمانەکانمان مسۆگەری سەرکەوتنە لەدژی تیرۆر و داگیرکاری و گەرەنتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمەکەدا.

ئەمڕۆ بە شانازییەوە ناسنامەی ئەو دوو هەڤاڵەمان ڕادەگەیەنین، کە لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی خۆیان بۆ پاراستنی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی، گەیشتونەتە ئاستی شەهیدبوون.

شەهید مەحموود کۆبانی ئەندامی پسپۆڕی یەکینەکانی دژە تیرۆر ( YAT ) ـە ، کە لە کاتی چاودێریکردنی خانەیەکی تیرۆریستی داعش لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەنە ، گەیشتە ئاستی شەهادەت . مەحموود یەکێک بوو لەو شەڕڤانە ئازا و گیانفیداییانەی کە زیاتر لە 8 ساڵ لە ڕیزەکانی ئێمەدا کاری دەکرد و لە زۆربەی شەڕەکانی دژ بە داعش و داگیرکاری تورکیا بەشداری کرد بۆ ساتێکیش لە بەجێهێنانی ئەرکی خۆی هەنگاوی بەرەو دواوە نەنا و تا کۆتایی بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل بەرخۆدانی لرد و بۆ وڵاتەکەی شەهید بوو.

هاوڕێ ڕۆنی سەرحەد لە کاتی وەڵامدانەوەی هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە ناوچەی عەین عیسا شەهید بوو. سەرەڕای هەموو ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارە، ڕۆنی نموونەی بوێری و بەرخۆدان و بوێریی هێزەکانمان بوو لە شەڕی دژی تیرۆر و داگیرکاریدا.

ئێمە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (قەسەدە) بە ئازایەتی و دڵسۆزیی هەڤاڵە شەهیدەکانمان سەربەرزین. هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان دەکەین و بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوه، کە رێچکەی ئەوان بگرینەبەر، تا ئەو کاتەی سەرکەوتن لە دژی تیرۆر و لەناوچوونی داگیرکەران لە خاکەکەمان ئەنجام دەدریت"

ناسنامەی شەڕڤانە شەهیدەکان بەم شێوەیەیە:

ناسناو: مەحمود کۆبانێ

ناو و پاشناو: مەحمود حەمزە

ناوی باوک: نەجمەدین

ناوی دایک: خازییە

شوێن و بەرواری شەهیدبوون : گوندەکانی حەسەکە - 21 / 07 / 2021

***

ناسناو: ڕۆنی سەرحەد

ناو و پاشناو: ڕیدوان تۆت

ناوی باوک: عەلی

ناوی دایک: خەدیجە

شوێن و بەرواری شەهیدبوون : عەین عیسا - 19 / 07 / 2021

ف.ق