نەتەوە یەکگرتووەکان: بومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر نزیکەی نۆ ملیۆن هاوڵاتی سوریا داناوە

نەژاد رۆچدی یاریدەدەری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، بومەلەرزەکە، کاریگەری لەسەر ٨ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هاوڵاتی سوریا داناوە.

نەژاد رۆچدی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری خەڵکی سوریا دەکات و هەرچیەکی لە دەست بێت دەیکات."

ژمارەیەک چالاکوان لەو هەرێمانەی کە لەژێر دەستی چەکدارەکاندان رایدەگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی پێویست هاوکاری پێشکەش ناکات.

بەگوێرەی بۆچوونی چاودێران، نەتەوە یەکگرتووەکان لە جیاتی ئەوەی بارهەڵگری گەورەی هاوکاری بنێرێت کە کارێکی زەحمەتە، دەتوانێت بە ئۆتۆمبێڵی بچووک هاوکاریەکان بگەیەنێت.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە رۆژی بومەلەرزەوە و تاوەکو ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان ١٤٠ بارهەڵگر هاوکاری لە رێگەی تورکیاوە رەوانەی سوریا کردووە و گەیشتووە ئەو هەرێمانەی کە لەژێر دەستی چەکدارەکاندایە.

نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ئەوەی کرد کە زیانلێکەتووانی بومەلەرزەکە لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیان بە چادر هەیە.

ف.ق