نەتەوە یەکگرتووەکان: چەتەکانی سەر بە ئەنقەرە تاوانی شەڕ ئەنجام دەدەن

کۆمیتەی لێکۆلینەوەی تایبەتی سوریای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکان، بەردەوامی بە کردەوەی کوشتن، دزی و دەستدرێژی دەدەن. کۆمیتەکە باسی ئەوەی کرد کە ئەو تاوانانە لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن.

کۆمیتەی لێکۆلینەوەی تایبەتی سوریای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پێشێلکاریەکانی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سوریا راپۆرتێکی ٤٤ لاپەڕەیی بڵاوکردەوە.

کۆمیتەکە رایگەیاند، ئەندامانی ' سوپای نیشتیمانی سوریا' بەردەوامی بە گرتن، دەستگیرکردن، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجە، دەستدرێژی، نزیکایەتی خراپ، دیل گرتن و تاڵانکردن دەدەن. کۆمیتەکە باسی ئەوەی کرد کە کردەوەکان لە ئاستی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیدان.

کۆمیتەکە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بە هەڕەشەکردن لە خەڵکی رەسەنی عەفرین کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ڕفاندنی دانیشتووان و وەرگرتنی فیدیە لەبەرامبەر ئازادکردنیان کراوە. هەروەها باسی ئەوەی کرد کە 'پۆلیسی مەدەنی' لە عەفرین پارێزەرێکی کوردی بە ئەشکەنجە کوشتووە.

هەروەها راشێگەیاند، چەتەکانی تەحریر ئەلشام و 'سوپای نیشتیمانی سوریا' دەستدرێژی و هێرشی رەگەزی ئەنجام دەدەن و ئەوەشی وەک تاوانی جەنگی لەقەڵەمدا.

کۆمیتەکە لەبارەی تاوانەکانی دەستدرێژی نمونەی هێناوەتەوە و وتی، " چەتەکانی 'سوپای نیشتیمانی سوریا' لە سەرێکانی دەستدرێژیان کردووەتە سەر منداڵێکی عێراقی و لە شاری بابی داگیرکراو ژنێکی دووگیان و هاوسەرە رۆژنامەنووسەکەیان کوشتووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، " چەتەکانی تەحریر ئەلشام بەردەوامی بە دەستگیرکردنی خەڵكی مەدەنی دەدەن و بە ئەندازەی پێویست خواردن و دەرمان ناگاتە دەستی زیندانیان.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، چەتەکانی تەحریر ئەلشام، بەردەوامی بە قڕکردنی زیندانیان بە تایبەتی زیندانیانی ژن دەدەن و رێگری لە چاودێریکردنی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ناوخۆیی و راگەیاندنەکان دەکەن.

ف.ق