پارتی بە ئەنقەست بەشداری شەڕ دەبێت

پارتی کە هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات، هەوڵ دەدات زیاتر لە رەوایدان بە هێرش و داگیرکەرییەکان هەندێک کاری تر بکات. ئێستا ئاشکرا بووە، کە گواستنەوەى هێزی سەربازیی پارتی بۆ هەندێک ناوچە لە مانگی تەممووزەوە و هەنگاو بە هەنگاو کاری بۆ کراوە.

دەوڵەتی تورک بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن هێرشەکانی بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧ەوە دەستپێکردووە و لە حەفتانین بەردەوامیی پێدا و ئێستاش ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەى مەتینا دەکات. روون و ئاشکرایە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە هەمانگی لەگەڵ ئەو داگیرکەرییەدا هەمان ئامادەکاری بەرەو ناوچەى مەتینا دەکات. پەدەکە بە هێرشکردنە سەر حەفتانین دەستی بە خۆ جێگیرکردن لە ناوچەی نوێدا کرد و هێزەکانی خۆی لەو ناوچانەدا زیاتر کرد، هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمدواییەدا، ئۆپراسیۆنی سیاسی و پڕوپاگەندەی قێزەون و چەپەڵیش بۆ بوار رەخساندن بۆ ئەو هێرشە چاوەڕوانکراوەوە ئەنجام دەدات.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، کە لەسەرچاوە خۆجێیەکانەوە دەستی کەتوون، لەگەڵ هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر حەفتانین، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و هێزەکانی پەدەکە لە باشووری حەفتانین دەستیان بە خۆجێگیرکردن لە زنجیرە شاخەکانی کێری دا کرد. هەر چەند ئەو هێزانە بانگەشەى ئەوە دەکەن، کە بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی سوپای تورک خۆیان لەوێ جێگیرکردووە، بەڵام لە راستیدا ئامانجیان بەرتەسکردنەوەى سنوور و ناوچەکانی گەریلا و جموجوڵی هێزەکانی گەریلایە. کاتێک سوپای تورک دەستی بە سوتاندن و کاولکردن و بۆردومانکردنی گوندەکانی ئەو ناوچانە کرد، ئەو هێزە هیچ رێگری و دەستیوەردانێکی ئەنجام نەدا و خۆیان کشاندەوە و تەنها سەیری داگیرکەری و تاوانەکانی سوپای تورک-یان دەکرد.

لە مانگی تەممووزەوە دەستیان پێکردووە

لە کاتێکدا هێرش دەکرایە سەر حەفتانین ئەوە دەبینرا، کە هێرشی داگیرکەریش بۆ سەر مەتینا ئەنجام دەدرێت، لە ناوچەى بانکا (سەری مەتینا)، ئەرزێ و بامەڕنی لە هێڵی باشوور و هەروەها لە گوندەی شرتێ هێزەکانی زێرەڤانیی پەدەکە جێگیرکران. هێزەکانی زێرەڤانی لە تەممووزی ٢٠٢٠ەوە لە گوندی بانکا و ئەرزێ جێگیرکران. ئەوەش روون بووەتەوە، ئەو هێزانەى زێرەڤانی کە لەو ناوچانە جێگیرکراون لە ژێر فەرماندەیی عەزیز وەیسی دان و ئەو هێزانە لە ناوچەى گوندی بانی لە دهۆک بەپێی هەلومەرجی مانەوە لە ناوچەى شاخاویدا بۆ ماوەى ٦ مانگ راهێنانیان پێکراوە.

لە مانگی ئاب دا سەرلەنوێ جێگیر کرانەوە

هێزەکانی لیوای ٤ی پەدەکە مانگی ئابی ٢٠٢٠ لە ناوچەى مەتینا لە گرێ ئۆرتێ (گاڤنەرکێ – کانی ماسی)، لە شاخی بارێ لە ناوچەى گوندی سەفارایا و لە خاڵێکی گوندی جدیدکێ و بە گشتی لە سێ خاڵی جیاجیادا جێگیرکران. ئەو ناوچانەی کە تیایاندا جێگیرکراون،  دەکەونە ناوەڕاستی ناوچەى مەتینا و رێگای ناوەندی، بۆیە ئاشکرایە دەیانەوێت ناوچەکانی گەریلا لەو ناوچانەدا لە یەکتری داببڕن. ئێستاش بڕیاریانداوە ئەو هێزە هاوبەشانە بکشێنەوە و تەنها هێزەکانی پەدەکە لەو ناوچانەدا بمێننەوە.

کۆبوونەوە، بڕیار و جێگیرکردن

هەروەها لەمدواییانەدا ئامادەکاری تریش دەکرێت بۆ ئەوەى هێزەکانی پەدەکە لە ناوچەى حەفتانین و مەتینا زیاتر جێگیر بکرێن. بەرپرسانی ئەو هێزانە و لیژنەیەک لەو ناوچەیەدات کۆبوونەوە و رووپێوێکی سەربازیی ناوچەکەیان کرد. بەرپرسیاری هێزەکانی پەدەکەی دهۆک شێخ عەلۆ، سەربەست لەزگین، بەرپرسی سیخوڕیی سەربازیی گشتیی پەدەکە بروسک و عەزیز وەیسی بەرپرسی هێزەکانی زێرەڤانی لەو لیژنەیەدا بوون. ئەو لیژنەیە ١٥ی تشرینی یەکەم لە بادینان کۆبوونەوە و لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کورد هەندێک بڕیاریاندا. دوای ئەوە ئێستا کارەکانی ئەو لیژنەیە لە باتوفایە و بانگەشەى ئەوە دەکرێت، کە "گەریلا هێرش دەکاتە سەر پێشمەرگە" و فەرمان بۆ پێشمەرگەکان نێردراوە، کە "بۆ ئەوە ئامادە بن". دوای سەردان و کارەکانی لیژنەکە بۆ ناوچەی ئاکرێ، چەکدارەکانی رۆژ و لەشکری گوڵانی سەر بە مەسرور بارزانی رەوانەى ناوچەکانی گەریلا  کران.

٤ خاڵی نوێ

لەو چوارچێوەیەدا شێخ عەلۆ بەرپرسی هێزەکانی پەدەکە لە دهۆک لە نێوان ٢٥ – ٢٧ی تشرینی یەکەمدا چووەتە ناوچەى زاخۆ و ئێستا لە باتوفایە و ٤ خاڵی نوێیان لە حەفتانین بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی پەدەکە دیاری کردووە. لە ناوچەى بۆسەلێ ٢ خاڵ و لە ناوچەى دەرکارا عەجەمێ ٢ خاڵی تر و بە گشتی لە زنجیرە شاخەکانی کێری دا ٤خاڵ دیاریکراون. هاوکات کار بۆ ئەوە دەکرێت ژمارەی هێزەکانی حەفتانین و مەتینا زیاتر بکرێن.

هەوڵی شاردنەوەى هاوکاریەکانیان بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەدەن

پەدەکە لەم رۆژانەى دوایدا ١٠ کوردی دەستگیرکردووە و بانگەشەى ئەوە دەکات، کە ئەو کەسانە ئامادەکارییان بۆ چالاکی کردووە و بەو شێوەیە دەیانەوێت ئامادەکاری و کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییە چاوەڕوانکراوەکانیان رەوا بکەن. بەوەش هەوڵ دەدەن ئەو هاوکاری و یارمەتییانەى، کە بەسەر و ماڵەوە پێشکەشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری دەکەن بشارنەوە و بەوانەش رای گشتی فریو بدەن.

ژ.ت