پارتی پێکەوەژیانی عێراق بەشداربوونی خۆی لە هەلبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەرکوک، پارتی پێکەوەژیانی عێراق ڕایگەیاند، "بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەکەین" کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە.

 دوای هەفتەیەک لە دامەزراندنی پارتی پێکەوەژیانی عێراق بە بەشداری نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک پارتی پێکەوەژیانی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامدا و تیایدا بەشداربوونی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بۆ پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند. هەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا باس لە ژمارەی کاندید و کردنەوەی لقە سەرەکییەکانی پارتەکە کرا.

ئەیوب براخاس، ئەمینداری گشتی پارتی پێکەوەژیانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "لە رۆژی ٣١ی مارس پارتی پێکەوەژیانی عێراق یەکەم کۆنگرەی خۆی لەشاری کەرکوکی پێکەوەژیان بەست، ئەمڕۆش بە بەشداریی ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتەکە کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چەند خاڵێک ڕیککەوتین، کە یەکێک لەو خاڵانە بریتیبوو لە پارتی پێکەوەژیانی عێراق بە ١٠ کاندید بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکات."

هەروەها ئەیوب براخاس ووتیشی: "ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی پێکەوەژیانی عێراق هاوڕابوون لە کردنەوەی بارەگای سەرەکی پارتەکە لە شارەکانی (بەغدا، کەرکوک و سلێمانی) و لیژنەیەکمان پێکهێناوە لە ژمارەیەک ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکە تا لە تەواوی عێراق کاربکەن بۆ سەرخستنی لیستی پارتی پێکەوەژیانی عێراق لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق."

لە کۆتایدا سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمیندای گشتی ئەو پارتە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: "پارتی پێکەوەژیانی عێراق بە تەنها خۆی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات و بۆ ئەوەش ١٠ کاندیدمان دیاری کردووە. کۆنگرەی پارەتەکەمان لەشاری کەرکوک ئەنجامدا، چونکە پارتی پێکەوەژیانی عێراق لە تەواوی نەتەوەکانی عێراق پێکهێناوە وە شاری کەرکوکیش نموونەی پێکەوەژیانە لە عێراق."

ژ.ت