پێنج ئەندامی خانەوادەی چەتەکانی داعش رادەستی سودان کردەوە

بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەشی قامیشلۆی ئیدارەی خۆسەر لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشوازی لە شاندێكی باڵیۆزخانەی سودان لە دیمەشق كرد، دەشڵێن، دوو ژن و سێ منداڵی خێزانی چەتەكانی داعشییان ڕادەستی سودان كردەوە.

ماڵپەڕی فەرمی ئیدارەی خۆسەر بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەشی قامیشلۆی ئیدارەی خۆسەر لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشوازی لە تاریق عەبدوڵا محەمەد، باڵیۆزخانەی سودان لە دیمەشق كرد، شاندەكە لەلایەن ڕوبێل باهۆ، فەنار عەیت، خالد ئیبراهیم، گۆلستان عەلی و لانە حسێن پێشوازییان لێكرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە میانی دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و مرۆیی دوای بوومەلەرزە وێرانكەرەكەى رۆژى ٦ى مانگى ڕابردوو گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

هەروەها، ڕوبێل باهۆ وتى، سودان یەكێكە لە وڵاتە عەرەبییانەی، كە هاووڵاتیانی خۆی لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر گەڕاندەوەتەوە، ئەمەش جێگای پێشوازی و پێزانینی گەورەیە لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە و هیوادارم وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی كەنداو هاوكاری ئیدارەی خۆسەر بكەن، بەمەبەستی گەڕانەوەی هاوڵاتیانیان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی خۆسەر بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنى كۆماری سودان، لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی، كە هاوڵاتی و منداڵیان لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەردا هەیە.

لە بەرامبەردا تاریق عەبدوڵا محەمەد، باڵیۆزی سودان لە دیمەشق، سوپاسی ئیدارەی خۆسەری كرد، كە هاوكاریان بوون لە گەڕانەوەی هاوڵاتیانی سودان، هەروەها وتیشى، چاوەڕوانی هاوكاری و پەیوەندی زیاترین لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم هاوڵاتیانی سودان.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا دوو ژن و سێ منداڵی سودانی، كە خێزانی چەتەكانی داعش بوون، بەپێی بەڵگەنامەیەكی فەرمی ڕادەستی باڵیۆزی سودان كرانەوە.

ف.ق