ڕێپێوانی پشتیوانیکردنی مەخمور لە برێمەن

لەسەر بانگهێشتی مەجلیسی گەلی دیموکراتیک لە برێمەن، ڕێپێوانێک ڕێکخرا دژی هێرشەکانی سەر مەخمور و پشتیوانی گەلی مەخمور.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە باهنۆف پلازا لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا کۆبوونەوە، لەپێناو شەرمەزارکردنی گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە عێراق.

ئامادەبووان سیاسەتی حکومەتی عێراقیان شەرمەزار کرد و داوایان لە حکومەت کرد، دەستوبرد سوپاکە بکشێنێتەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە ئاوارەکردنی دەیان هەزار گوندنشینی کورد لە ساڵی ١٩٩١ لە باکوری کوردستان، ئەم پەنابەرانە لە ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستان بڵاوبوونەوە، بەهۆی هێرشەکانی پەدەکەوە لە مەخمور نیشتەجێبوون".

ڕاگەیاندراوەکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ڕێز لە یاسا خۆجێی و نێودەوڵەتییەکان بگرێت و کاری پێویست بکات، تێیدا هاتووە: "دەیان هەزار ژن و مناڵ و پیر لە دەوڵەتی تورک هەڵهاتن و لە مەخمور نیشتەجێ بوون، ئەم کەمپە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، داوا دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆی هەستێت".

پاش ڕاگەیاندراوەکە، بڵاوکراوەکان بە زمانی ئەڵمانی دابەشکران، چالاکییەکە بە گوتنەوەی درووشمەکانی پشتیوانی کۆتایی هات.