پەیەدە بۆ شەنگال بانگەوازێکی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کرد

ئەنجومەنی گشتی پەیەدە ناڕەزایی لەبەرانبەر حکومەتی عێراق پیشاندا و رایگەیاند، هێزەکانی ئاسایش و یەبەشە نوێنەری راستەقینە و ئیرادەی خەڵکی شەنگالن.

ئەنجومەنی گشتی پەیەدە لەبارەی هەوڵەکانی داگیرکردنی شەنگال راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و پشتگیری لە بەرخۆدانی شەنگال کرد.

پەیەدە لە سەرەتای راگەیەنراوەکەیدا پشتگیری خۆی بۆ بەرخۆدانی گەلی شەنگال لە بەرانبەر کردەوەکانی نادیموکراتی حکومەتی عێراق لەدژی بەڕێوەبەری خۆسەری شەنگال و دەزگاکانی پیشاندا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، خەڵکی شەنگال بە دەیان جار کۆمەڵکۆژ کراون، لەبەرئەوەی خاوەنی هێزێکی بەرگریکار نەبوون و وتی، " ئەو کۆمەڵکوژیەی کە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەدژی خەڵکی شەنگال ئەنجامدرا، نمونەیەکی بەرچاوی ئەم راستیەیە.

پەیەدە وتیشی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی یەبەشە ئیرادەی گەلی شەنگالن. لە هەمانکاتدا دوبارەنەبوونی کۆمەڵکوژی دیکە لەدژی گەل مسۆگەر دەکەن. بەشێکن لە دەزگای پاراستنی عێراق و ئەوەش لەدژی دەستوری عێراق نییە.

هەروەها ئەوەی خستەڕوو، مۆدێلی بەڕێوەبەری خۆسەر لە شەنگال کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانی عێراقە، لەبەرئەوەی مۆدێلێکی دیموکرات و ئەلتەرناتیفە.

پەیەدە لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد، لەجیاتی ئەوەی فشار دروست بکات، زمانی دیالۆگ بەکاربهێنێت و تایبەتمەدنی هەرێمەکان لەبەرچاو بگرێت و وتی، "ئێمە تەئکید دەکەینەوە کە پشتگیری لە ئیرادەی شەنگال دەکەین. لەبەرئەوەی خۆپاراستن مافێکی رەوایە و بێ خۆپاراستن نابێت.

ف.ق