پەیەدە بانگەوازی بۆ سەفەربەری راگەیاند

پەیەدە لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، داوای لە گەل و هێزە کوردستانی و دیموکراتییەکان کرد کە هەموو تواناکانی خۆیان لە دژی داگیرکەری تورک سەفەربەر بکەن.

ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) پەیوەست بە هێرشەکانی کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە لە ئەنجامیاندا ١٧ گەریلا شەهیدبوون، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"جارێکیتر بە بەرچاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە رژێمی دەوڵەتی تورکی فاسیست تاوانێکی نوێی ئەنجامدا و تاوانێکی تر چووە سەر تاوانەکانی لە دژی گەلی کورد و تەواوی گەلانی هەرێمەکە.دوێنێ ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رایگەیاندبوو کە لە هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی گەریلاکاندا ١٧ گەریلا شەهیدبوون. ئەم تاوانە یەکمجار نییە کە هێڵە سورەکان دەبەزێنێت کە تێیدا چەکی کیمیایی قەدەغە لە دژی گەلەکەمان لە زۆر ناوچە لەبەردەم بێدەنگی نێونەتەوەییەوە بە نیگەرانییەوە بەکاردەهێنرێن.

ئێمە وەک ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە بە توندی ئەو تاوانە دووبارانە لە دژی گەلی کوردمان و بزوتنەوەی ئازادی کوردستان کە پارێزگاری لە هەبوونی کورد و مافەکانی دەکات شەرمەزار دەکەین. ئێمە دەوڵەتانی هەرێمی و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی وشیار دەکەینەوە کە بێدەنگی بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک، دەستوەردان، داگیرکاری و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ناسەقامگیری لە ناوچەکە زیاتر دەکات.

لە هەمان کاتدا داوا لە دەوڵەتانی هەرێمی و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەین کە دۆزی کورد بە شێوەیەکی راست، وەک راستی مێژوویی و کۆڵەکەیەکی ئاسایش لە داڕشتنی داهاتووی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی داواکارییەکانی گەلی کورددا، بناسن و تێیبگەن. دەبێت ئەو تێکۆشانەی گەلی کورد کە تێکۆشانە بۆ گەلانی هەرێمەکە لە دژی عوسمانی نوێ و چاوچنحکیە بەرفراوانەکانی لە ناوچەکە بزانن.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەبەرامبەر تیرۆری رژێمی تورکیا لە دژی گەلەکەمان بەرپرسیارە و ئەو بێدەنگی و ترسەنۆکیە هاوبەشیە لە تاوان. دەبێت کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەڵوێست لە دژی دەوڵەتی تورک نیشان بدات بۆ ئەوەی هێرشە دوژمنکارانەکانی لە دژی گەلەکەمان کۆتایی پێبهێنێت".

هەروەها پەیەدە داوای لە گەل و هەموو هێزە سیاسی و نیشتیمانییەکانی کوردستان و دیموکراتیککردووە کە یەکبگرن و هەموو تواناکانیان لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و بەهاکانی سەفەربەر بکەنو ئاستی بەرخودان بە گوێرەی پرەنسیبی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ کە گەرەنتی پاراستنی گەل و دەستکەوتەکانیەتی، بەرز بکەنەوە.

هـ . ب