پەیەدە ناڕەزایی بەرانبەر قسەکانی مەسرور بارزانی پیشاندا

پەیەدە بانگی لە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان کرد کە دەست لە ڕەوایەتیدان بە دەوڵەتی تورک هەڵبگرێت و بێ ئەوەی درنگ بێت، لە دەوڵەتی تورک دووربکەوێتەوە.

پەیەدە لەبارەی قسەکانی مەسرور بارزانی کە بە زمانی دەوڵەتی تورک  قسە دەکات ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لە کاتێکدا کە بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەوڵ دەدات وڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بە چەکی پێشکەوتووی ناتۆ، ئیستخباراتی تورک و سوپاکەی و چەتەکانی بەرماوەی داعش و گرۆپە تیرۆریستیەکانی بداتەوە و لە کاتێکدا کە فشاری سیاسی و دیپلۆماسی و پیلانگێڕی لەبەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان بە زمان و لە جێگەی حکومەتی ئەردۆغان قسە دەکات. ئێمە قسەکانی مەسرور بارزانی وەک هەڵوێستێکی دژی بەرژەوەندی گەلی کورد و ڕەوایەتیدان بە داگیرکەری تورک و خزمەتکردنی تورک دەبینین."

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پێناو رزگارکردنی هەرێمەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی لەدژی داعش و ئەوانەی پشتگیری دەکەن، نزیکەی ٤ هەزار شەهیدی داوە، لەبەرئەوەش گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سوپاسگوزاری پەکەکەیە/ پەکەکە پارتێکی کوردستانیە و بۆ هەبوون و ئابڕۆی کورد لە هەموو جێگەیەک و بێ بەرانبەر تێکۆشان دەکات. لەجێگەی ئەوقسانەی کە یەکڕێزی کورد تێکدەدەن، پێویست بوو کە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە لە بەرزترین ئاستدا بووایە.

ئەگەر ئەو قسانە بۆ ئامۆژگاریە، ئامۆژگاری ئێمەش هەیە کە پێویستە سەیری چارەنوسی ئەو کەسانە بکەن کە هاوکاری داگیرکەری عوسمانی و دەولەتی تورکیان کردووە. پێویستە وانە لە تراژیدیای رابردووی خۆیان و تراژیدیای گەلی کورد وەربگرن کە بەهۆی کردەوەکانی فاشیزمی تورک لە رابردوو و لە ئێستادا تووشیان بووە و بەرلەوەی درەنگ بکەوێت، لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دووربکەونەوە. لەبەرئەوەی گەلی کورد ئیدی مێژووی خۆی دەخوێنێتەوە و ئاگاداری کردەوەکانی داگیرکەرانە لەسەر کوردستان لە ئێستادا و بەر لە سەدان ساڵ و تەئکید دەکاتەوە کە نابێت مێژوو دووبارە ببێتەوە."

ف.ق