پەیەدە: پەیەدە تا ئێستا زۆرترین بایەخی بە یەکێتیی لایەنە کوردییەکان داوە

پەیەدە لە ١٨ـەمین ساڵیادى دامەزراندنیدا دەڵێت، بەڵێن دەدەین لە بەرامبەر گەندەڵیی و ناهاوسەنگیی لە هەموو ڕێکخراوەکاندا تێکۆشان بکەین و یارمەتی گەلان بدەین، تا نەتەوەی دیموکراتیک دابمەزرێنن، چونکە نەتەوەی دیموکراتیک ئازادیی، برایەتیی گەلان و ژیانی هاوبەشە.

ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک(پەیەدە)، لە ڕۆژى ٢٠ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە، ئەمڕۆش ١٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنى ئەو پارتەدا، تێپەڕدەبێت.

پەیەدە، لە سەرەتاى ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەى بەوەداوە: بەڵێن دووپات دەکەینەوە، کە هاوشێوەى ١٨ ساڵی ڕابردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، خەبات بکەین و ئەو دەستکەوتە مێژووییە چارەنووسسازانەی کە لەسەر ئاستی ڕۆژئاوای کوردستاندا بەدەست هاتوون، بیپارێزین.

دەشڵێت، پەیەدە بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ناوچەکە، بە زانینی ئەو ڕاستییەی کە مرۆڤە ڕێکخراوەکان، دەتوانن ئیرادەی خۆیان جێگر بکەن، دامەزراوە و ئەزموونەکانی پێشووی هاوڵاتیانى ڕۆژئاوای کوردستانی ئاوێتەی پێشکەوتنی تەڤگەری ئازادیخوازیی، گەلی کورد لە سەرانسەری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەى پەیەدەدا هاتووە، بە دامەزراندنی پارتەکەمان، فشار و هێرشەکان بۆ دەستگیرکردنى ئەندامان، لایەنگرەکانمان لەلایەن ڕژێمەوە، بەتایبەت لە پاش ئەزموونی سەرهەڵدانی قامشلۆ زیادیکرد و لە ژوورە هەواڵگرییەکاندا ئەشکەنجەدران. تەنانەت پێشەنگەکانی پارتەکەمان وەکو ئەبوو جوودیی، شیلان و هەڤاڵەکانی وەکو فوئاد، جەمیل، زەکەریا و جوان شەهید، کران.

ئەوەشخراوەتەڕوو، کە سەرەڕای شەهیدکردنی وڵاتپارێزەکان، بەتایبەت لە جەژنی نەورۆزی ڕەققا و قامیشلۆ، عوسمان دادالی لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهیدبوو و دواتر هەڤاڵ عیسا حەسۆ، تیرۆرکران.

هێما بۆ ئەوەشکراوە، کە پەیەدە لە کاتی سەرهەڵدانی قامیشلۆ، تا ئێستا زۆرترین بایەخیان بە یەکێتیی لایەنە کوردییەکان داوە، لەو پێناوەدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و پارچەکانی دیکەدا پاراستووە.

سەبارەت بە سەرهەڵدانەکەی قامشلۆ باسیلەوەکردووە، پارتەکەیان لەگەڵ پارتەکانی دیکە لە پەیوەندیدابوون، شاندی هاوبەشیان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد پێکهێناوە، بەڵام زۆرێک لەو لایەنانە بەهۆی ترسیان لە فشاری ڕژێم یان دژایەتیی هەندێک لەلایەنە دەرەکییەکان، خۆیان لە پەیمان و هاوپەیمانییەکان کێشاندوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی سوریاوە، بەردەوام هەوڵیانداوە تا پەیوەندیی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی گەلانی سوریا بپارێزن، هەموو پەیوەندییە ئایینیی و ئیتنیکییەکانیش بەهێز بکەن.

ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە، لەوەشدەدەێت، کە لە سەروبەندی شۆڕشی گەلانی سوریادا، هێڵی سێیەمیان هەڵبژاردووە، بە ئەوپەڕی توانایانەوە لەپێناو ڕێکخستنى گەلاندا تێکۆشانیان کردووە، سەرەڕای هەبوونی ئەو شەڕەی کە دوژمنانی گەلان بەڕێوەى دەبەن، لە هەموو بەرەکانی سەربازیی، سیاسیی و دیپلۆماسییدا خەباتیان کردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، پەیەدە بەڵێنی خۆی بۆ شەهیدان و هەموو خەڵکی نوێکردوەتەوە، کە بە بێ ڕاوەستان لە ڕیزى پێشەوەی تێکۆشان بەردەوام بن، ڕووبەڕووی هەمووی ئەو پیلانگێڕیانە ببنەوە، کە بیانەوێت تۆوى ناکۆکیی و سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە بەڕێوە ببەن.

ف.ق