پەیەنەکە: دانووستانی کوردی-کوردی لە ئەنجام گرتن نزیک بووەتەوە

پەیەنەکە ڕایگەیاند: دانوستانی کوردی-کوردی کەمێکی ماوە بۆ گەیشتن بە ئەنجام و ڕێککەوتنی گشتی کە لە ئەنجامیدا ناوەندێکی باڵای بڕیاری گشتی دروست دەبێت.

پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی کورد- پەیەنەکە، ئەمڕۆ لەسەر داوای مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، بۆ تەواوکردنی دانوستانەکانی نێوان پەیەنەکە و ئەنەکەسە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە دەستپێشخەریی مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، بە چاودێری ئەمریکا دانوستانی کوردی-کوردی دەستپێکرد و کورد و هاوپەیمانانمان پێشتیوانییان لێکرد، چونکە سەرکەوتنی ئەم دانوستانە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بەهێزکردن و سەقامگیریی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەبێتە بنەمای چارەسەریی سیاسیی ئاڵۆزییەکانی سوریا بە گشتی، دانوستانی کوردی-کوردی هەنگاوی یەکەمی دانوستانی گشتیی نیشتمانییە.

هەروەها هاتووە: سەرەڕای هەموو ئاستەنگیی و دژوارییەکان کە لەم قۆناغەدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بەڵام لە دیالوگەکانی پەیەنەکە و ئەنەکەسەدا لەسەر زۆر بابەت ڕێککەوتن کرا، کەمێک ماوە بۆ گەیشتن بە ئەنجام و ڕێککەوتنی گشتی کە لە ئەنجامیدا ناوەندێکی باڵای بڕیاری گشتی دروست دەبێت و نوێنەرایەتیی هیوا و خەونی گەلی کورد و دۆزی ڕەوای کورد لە ئاستی نەتەوەیی و ناونەتەوەییدا دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پەیەنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی ئەم دانوستانە بۆ دۆزی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتژییە و بەردەوام دەکات، و رایبدەگەیەنێت: ئێمە پابەندی ڕێککەوتنەکانی پێشووین و هاوکات داوا لە هەموو هێزە کوردی، کوردستانی، نەتەوەیی و هاوپەیمانەکان دەکەین هەوڵی پشتگیریی دانوستانەکانی پەیەنەکە و ئەنەکەسە بدەن، داواش لە ڕاگەیاندنە کوردییەکان دەکەین هەردوولا لەیەک نزیک بکەنەوە.

ک-ش