قەرەیلان: ئیدی رژێم لە لێواری هەڵوەشان و رووخاندایە

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند، شەڕ لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە گەیشتوەتە ئاستێکی گرنگ. راشیگەیاند، "قوربانیمان دا و دەیشیدەین، بەڵام رژێم گەیشتووەتە لێواری هەڵوەشان. دەبێت ئیدی ئەوە بزانرێت، ئێمە دەتوانین رژێم بڕووخێنین".

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە بە بۆنەى ٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشداریی لە "بەرنامەى تایبەت"ی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تێڤی دا کرد.

"مێژووی پەکەکە مێژووی قارەمانییە"

قەرەیلان ٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەى لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، گەلی کوردستان، دۆستان، هاوڕێیان، خەباتکاران و لایەنگران پیرۆز کرد و وتی، "مێژووی پەکەکە مێژووی قارەمانییە. ئەو قارەمانییە بە رەنج و بەرخودانی شەهیدان بەدیهاتووە. بە خوێنی بەرخودانی ئەفسانەیی مێژوویی شەهیدان تۆمار کراوە. لەو چوارچێوەیەدا یادی شەهیدی سەرەتای حیزبمان هاوڕێ حەقی قەرار تاوەکو سارا، دەلال ئامەد، زەکی شەنگالی، دیار غەریب (هەڵمەت)، قاسم ئەنگین، عەگید جڤیان و یڵماز دەرسمان و هەموو شەهیدانی شۆڕشی کوردستان بەرز رادەگرم و سەری رێزیان لە بەرامبەردا دادەنەوێنم. ئەو پەیمانەى بە شەهیدانمان داوە دووبارەی دەکەینەوە. ئێمە لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا خاوەنداری لە یاد و ناو و خەونیان دەکەین".

"هەبوونمان مسۆگەر بووە، کات کاتی ئازادییە"

قەرەیلان باسی لە رۆڵی پەکەکە لە دەستخستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان کرد و وتی، "بێگومان گەورەترین دەستکەوت پووچکردنەوەى سیاسەتی پاکتاوکردن و داگیرکەرییە لەسەر کوردستان. دوژمن دەیخواست گەلی کورد پاکتاو بکات، بیتوێنتێتەوە، لە باکوور بیکات بە تورک، لە ناوچەکانی تریش بیانکات بە عەرەب و فارس. یانی دەیخواست لە نەتەوەبوون دەریبهێنێت، چونکە ئەم گەلە لەلایەن مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست و سیستمی نێونەتەوەییەوە وەک نەتەوە قبوڵ نەکرابوو. ئەمڕۆ نوێنەرانی هەموو گەلان لە نەتەوە یەکگرتووەکانن، بەڵام کورد نوێنەری نییە. بۆ؟ چونکە بڕیاریان لەسەر حسابنەکردن بۆ کورد و لەناوبردنی کورد   داوە. ئەو بڕیارە بڕیاری دەوڵەتی تورک، ئێران، عێراق و سوریا نییە، بەڵکو بڕیاری سیستمی نێونەتەوەییە، کە لە بنەڕەتدا لە لۆزان دا بڕیاری لێدراوە. هەستانەوە و وەستانەوە لە دژی ئەوە، پووچکردنەوەى ئەو بڕیارە تەنها بۆ خۆی ئەنجامێکی گرنگە. ئێمە پێش هەموو شتێک وەک نەتەوە هەبوونی خۆمان سەلماند، رێگرییمان لە لەناوبردن و سڕینەوە و توانەوە گرت. ئیدی ئێمە لەسەر تەختەى مێژووین و ئەوەمان مسۆگەر کردووە. کات کاتی ئازادییە.

شاندی کوردان لە هەر چوار بەشی کوردستانەوە، کە ئەمریکا بانگهێشتی کردن بۆ واشنتۆن

لەلایەکی ترەوە، دەزانرێت لە ساڵی ١٩٩٠دا سەدام هێرشی کردە سەر کوێت. لەبەر ئەوە لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٠دا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستوەردان لە رژێمی سەدان کرا. لەو کاتەدا بەڕێوەبەریی ئەمریکا لە رێگەى مادام میتەران هاوسەری سەرۆکی فەرەنساوە پەیامێکی نارد و وتی، "با شاندێکی کورد بێت بۆ واشنتۆن"، وەک دەزانرێت لە دوای هەرەسی ١٩٧٥ەوە کورد و ئەمریکا لە یەکتر دوورکەوتبوونەوە و پەیوەندی نەمابوو، یان پەیوەندی لە ئاستی نەبووندا بوو. بەڵام بانگهێشتی شاندێکی کورد لە ئاستی باڵادا کرا. لەو کاتەدا وترابوو، "شاندەکە با لە هەر ٤ بەشی کوردستان بێت و پەکەکەشی تیادا بێت"، ئێمە لەو کاتەدا گفتوگۆمان کرد و وتمان، "ئێمە نامانەوێت وەک پەکەکە بڕۆین، بەڵام ئێوە بڕۆن و ئێمە پشتیوانیتان لێدەکەین".

"مام جەلال: دەبێت پەکەکە لە پێناو گەلی باشووری کوردستاندا بەشداری شاندەکە بێت"

بەڕێز مام جەلال وتی، "نا، ئەگەر پەکەکە بەشداری لەو شاندەدا نەکات، ئەو شاندە هیچ قورساییەکی نابێت. دەبێت پەکەکە دۆخی ئێمە لەبەرچاو بگرێت؛ لە باشووری کوردستان ئەو هەموو ئەنفال و کۆمەڵکوژییە رویداوە؛ دەبێت پەکەکە لە پێناو گەلی باشووری کوردستاندا بەشداری لەو شاندەدا بکات". دەبوایە پەیامێک بنووسرایە؛ بۆ ئەوەش مام جەلال وتی؛ "دەبێت ئیمزای پەکەکە بە پەیامەکەوە هەبێت"، بۆ وای وت؟  چونکە لە بەشەکانی تری کوردستان شەڕی چەکداری لاواز بوو بوو، لە باشووریش دوای هەڵەبجە شەڕی چەکداری راوەستابوو، لە رۆژهەڵاتیش هێزەکانی پێشمەرگە کشابوونەوە بۆ قەندیل. بەڵام لەو کاتەدا لە باکووری کوردستان شەڕێکی گەورە و قورس بەڕێوەدەچوو، هەروەها راپەڕینی گەل لە باکوور دەستیپێکردبوو. ئەو کاتەش ئێمە لە حەفتانین، زاپ، خواکورک تاوەکو دێرسیم هەبووین و شەڕمان دەکرد و شەڕ بەردەوامیی هەبوو. لەبەر ئەوەش سەرنجی هەموان لەسەر پەکەکە بوو. هەموو رۆژێک لە بی بی سی دا هەواڵ بڵاودەکرایەوە، کە ئەوەندە سەربازی تورک کوژراون و ئەو هەواڵانەیان بەسەرتاسەری دونیادا بڵاودەکردەوە. مام جەلال لەبەر ئەوە دەیوت. شاندەکەى ئەو کاتە بەو شێوەیە دروستبوو.

"پەیامەکەى ئێمە لە واشنتۆن خوێندرایەوە"

با ئەوەش بڵێم، مام جەلال ژیانی خۆی لە دەستدا، بەڵام ئەحمەد باڕمەنی زیندووە و ئەو ئەوانە دەزانێت. لەسەر خوێندنەوەى پەیامەکەمان لەوێ گفتوگۆ دروستبوو و لە دواید بۆچوونەکەى ئێمە قبوڵ کرا. بۆ نووسینی ئەو پەیامە کۆمسیۆنێک دامەزرا. کۆمسیۆنەکە پەیامەکەى باش نووسیبوو، بەڵام ئەندامانی کۆمسیۆنەکە بڵاوبوون. لەبەر ئەوەش لەسەر پێشنیازی مام جەلال من خۆم ئەو پەیمامەم بە تورکی نووسی و عیسمەت شەریف وانلی لەگەڵ هەڤاڵێکی ژندا وەریانگێڕایە سەر زمانی ئینگلیزی. ئێمە بە ناوی پەکەکەوە نەرۆیشتین، بەڵام عیسمەت شەریف وانلی بە ناوی ئێمەوە بەشداری شاندەکە بوو و رۆیشت بۆ ئەمریکا و خۆی لە واشنتۆن ئەو پەیامەى خوێندەوە. یانی لەو کاتەوە قورسایی پەکەکە کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان هەبوو.

"کاریگەریی سەرهەڵدانی باکوور لەسەر راپەڕینی رانیە"

هاوکات لەگەڵ شەڕی گەریلایی لە باکووری کوردستان، هەموو رۆژێک لە جزیر، سلۆپی، نسێبین، ئامەد، لیجە و هەموو شوێنەکانی تری باکووری کوردستان گەلەکەمان لە سەرهەڵدان و راپەڕین دا بوو، سینگی خۆی لە دژی تانک و زرێپۆشەکانی دەوڵەتی تورک کردبووە قەڵغان و بەو شێوەیە تێدەکۆشا. ئەگەر لەو کاتەدا ئەو سەرهەڵدانانەى باکوور نەبوایە، گەلۆ لە ٥ی ئاداری ١٩٩١دا لە رانییە گەل دەستی بە راپەڕین دەکرد یان نا؟ ئاشکرایە کۆمەڵگەکەمان کاریگەریی بەسەر یەکترەوە هەیە. گەلەکەمان لە باشووری بینیی، کە دەوڵەتی تورک بەو هەموو هێزەوە لەلایەن گەلەکەمانەوە بەرەنگاری دەکرێت و گەل راپەڕین و سەرهەڵدانی لە دژ ئەنجام دەدات و تێدەکۆشێت. دەوڵەتی عێراق بەهۆی شەڕی لە دژی ئێران و بەهۆی هێرشی ئەمریکاوە زۆر لاواز بوو بوو. گەلەکەمان ئەوەی بە دەرفەت زانی و راپەڕی، بۆیە سەرهەڵدانەکانی باکوور کاریگەریی گەورەیان هەبوو.  

"لە سایەی کاریگەری و هاوسەنگیی پەکەکەوە، لە باشووری کوردستان پەرلەمان و بەڕێوەبەری دامەزرا"

هەروەها لە ساڵی ١٩٩٢ و دوای ئەوەی هێڵی ٣٦ کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە نێونەتەوەییەکان لە باشووری کوردستان بۆشاییەک دروستبوو و دەرفەت کەوتە دەست گەلی کورد، کە بەرێوەبەرییەک دابمەزرێنێت. لەو کاتەدا دامەزراندنی پەرلەمان لە باشووری کوردستان بووە رۆژەڤ، بەڵام ئەگەر هاوسەنگیی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک نەبوایە، دەوڵەتی تورک بە هیچ شێوەیەک رێگای بە دامەزراندن و دروستکردنی بەڕێوەبەرییەکی کورد لە باشووری کوردستان نەدەدا. لەبەر ئەوەى دەوڵەتی تورک لە ئۆپراسیۆنێکدا بوو بە ناوی "هێزی چەکوش" لە ئاسمانەوە هێڵی ٣٦ی کۆنترۆڵ دەکرد. دەزانرێت تورکیا لە پیلانگێڕیی جەزائیر دا دەستی هەیە. ئێمە دەزانین، کە ساڵی ١٩٨٣ و کاتێک کوردان و رژێمی سەدام دەستیان بە دیالۆگ کرد، دەوڵەتی تورک راستەوخۆ دەستێوەردانی کرد. ئاوڕی دەوڵەتی تورک بە بەردەوامی لەسەر باشووری کوردستان بوو، نەیدەخواست لەوێ بەڕێوبەری و قەوارەیەک بۆ کورد دروست ببێت، بەڵام لە ساڵانی ١٩٩١ – ١٩٩٢ دا و کاتێک دەوڵەتی تورک لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەدا لاواز بوو بوو، بە ناچاری رێگای دا لە باشووری کوردستان پەرلەمان دابمەزرێت. بۆ ئەوەش تەنها یەک مەرجی دانا، ئەویش شەڕ بوو لە دژی پەکەکە. لەو کاتەدا حیزب و رێکخستنەکانی باشوور ئەوەیان قبوڵکرد و بەو شێوەیە پەرلەمان دروستبوو و بەڕێوەبەرییەکی کورد دامەزرا. یانی لە ژێر کاریگەری و هاوسەنگیی پەکەکەدا دامەزرا و کورد بووە خاوەنی دەستکەوت. ئەوە شتێکی بەرچاو و روونە.

"پەکەکە هەبەوونی کوردانی مسۆگەر و دڵنیا کردووەتەوە"

هاوکات ئەو بناغەیەی تێکۆشانی پەکەکە، لە راستیدا تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ لە رۆژئاوای کوردستان بونیاتینا، بووە بوار و بەستێنی دەستکەوتەکانی ئێستای ئەوێ. تێکۆشانێک، کە رێبەر ئاپۆ لەوێ بەڕێوەی دەبرد نکۆڵیی لێناکرێت، چونکە رێبەرایەتی لەوێ هەوڵێکی زۆری دا.

هەروەها ئەو گۆڕەپانەی، کە دەبێت زۆرترین راوەستەى لەسەر بکرێت، گۆڕەپانی باکووری کوردستانە. سەرنج بدەن، لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگە و سیاسی ماوەى ٣٠ ساڵە دەوڵەتی تورک بە بەردەوامی خەڵک دەستگیر دەکات و زیندانیان دەکات. تاوەکو ئێستا ١٠ هەزار مرۆڤمان لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک دان. سەرباری ئەو هەموو گوشار و زوڵامانە توانیی کەسێک رادەستی خۆی بکات؟ نا.

بە کورتی رۆڵ و کاریگەریی پەکەکە لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دا زۆر زۆرە. پێش هەموو شتێک هەبوونی کوردانی مسۆگەر و دڵنیا کردووەتەوە. وەک ئەوەى ئێستا دەوڵەتی تورک دەڵێت، هەموو کەس پەکەکەیی نییە، بەڵام راستییەکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگە هەیە، کە خاوەنداری لە خۆیان و ناسنامەى خۆیان دەکەن. لە پێش هەموو شتێکەوە کارە بنەڕەتی و سەرەکییەکە ئەوەیە، کە پەکەکە بووە هۆی ئەوە هەبوونی کورد مسۆگەر بکرێت، خستییە بەرچاو، ستراتیژیی داهاتووی بۆ کوردستان بەهێز کرد. تیۆری، هۆشمەندی و بۆچوونی کۆمەڵگەى کوردی بونیاتنا، لە کوردستان رێنسانسی دروستکرد، کۆمەڵگەى کوردی بە تەواوی گۆڕی و سەرلەنوێ بونیاتی نایەوە. تەنها ئەوانە بۆخۆیان دەستکەوتی زۆر گەورەن".

'بارودۆخی قەیران بەردەوامە، چونکە هێز لە هەڵوێستی شەڕدایە'

بابەتێکی تر کە قەرەیلان باسی لێوەکرد، رەوانەکردنی هێزی سەربازی پەدەکە بوو بۆ ناوچەکانی گەریلا و وتی:"لەم بارەیەوە پێشووتر بانگەوازی و لێدوانی پێویستمان بڵاو کردووەتەوە. ئێستاش ئێمە هەمان بانگەوازمان هەیە. بۆیە نامەوێت دووبارەی بکەمەوە. ٤ی تشرینی دووەم لە چێمانکێ رووداوێک روویدا. لە بارەی رووداوەکەوە، فەرماندەییمان لە بڕیارگای ناوەندی راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە. هەڵوێستی منیش جیاواز نیە لەو لێدوانە، من لەگەڵ لێدوانی فەرماندەیی و هەڤاڵاندام.

ئێستا بارودۆخەکە تۆزێک بێدەنگە، بەڵام قەیرانەکە بەردەوامە. چونکە هێز لە هەڵوێستی شەڕدایە. ئەمە بابەتێکی هەستیارە. لە هەر ساتێکدا لەوانەیە شتێک رووبدات. هاتنی ئەو هەموو هێزە و وەستان لە بەرامبەر یەکدی، مەترسیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت. دەبێت ئەم بارودۆخە بە رێبازێک چارەسەر بکرێت. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، بەردەوام دەبێتە هۆی ترس و دروستبوونی مەترسی.

'ئێمە هیچ کات نامانەوێت لە نێوان کورددا شەڕ رووبدات'

وەکو لە لێدوانەکانی پێشووتریشدا وتبوومان، ئێمە هیچ کات لەگەڵ شەڕی نێوان کورددا نین. ئێمە لایەنگری ئەوەین کە کێشەکان هەموویان بە رێگای دیالۆگ چارەسەر بکرێن. ئێمە بەو شێوەیە تەماشا دەکەین و سووریشین لەسەر ئەم بیر و هزرە. چونکە ئێمە دەزانین لەم کاتە مێژوویەدا، روودانی شەڕێکی ناوخۆیی، لە رووی ستراتیجیەوە زیانێکی گەورە لە گەلی کورد دەدات. ئەو دەستکەوتانەی بەدیهاتوون، رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە کورد لە کوێی ناوچەکە جێ دەگرێت. چونکە تورکیا و چەند هێزێک باس لەوە دەکەن کە "کورد عەشیرەتن" مافیان نیە ببن بە نەتەوە و دەوڵەت'. ئەگەڕ شەرێکی ناوخۆیی رووبدات، ئەوا دەبێتە سەلمێنەری ئەم قسەیەی تورکیا. سیمایەکی بەم شێوەیە دروست دەبێت. سوودی بۆ هیچ کەسێک نابێت. بۆیە ئێمە لە دژین. ئەگەرنا ئێمە هەموو رۆژێک لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکەین کە خۆی هێندە بەهێز دەبینێت. لێرە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە وەکو سیاسەتی کورد، کێشەکانمان چی دەبن با ببن، ئێمە بتوانین کێشەکانی خۆمان بە پێی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان چارەسەر بکەین. هەموو کەس ئەوها دەکات، ئێمەش دەبێت وەها بین. نابێت کوردێک لە دژی کوردێکی تر بوەستێتەوە. ئەمە راست نیە بەم شێوە سەربازیە لە دژی یەکدی بوەستینەوە.

ئێمە دەزانین، رودانی شەڕێکی ناوخۆیی پڕۆژەیەکی دەوڵەتی تورکە. ئەوان دەیانەوێت ئەمە رووبدات و بۆ ئەم مەبەستەش زۆر هەوڵ دەدەن. ژمارەیەک لە رۆشنبیران لێدوانیاندا و وتیان، 'بە دڵی دوژمن نابێت'. شتێکی زۆر راستیان وتووە."

'کەنەکە و یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان کارێکی سەرکەوتوویان ئەنجامدا'

قەرەیلان لەم چوارچێوەیەدا تیشکی خستە سەر کۆنفەرانسی کەنەکە و یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان و وتی:"ئەم کۆنفەرانسە بە شێوەیەکی ئۆنلاین بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێکی تێدا درا. بێگومان بە ناوی بزوتنەوەکەمانەوە هاوسەرۆکایەتی کەجەکە لێدوانێک بڵاو دەکاتەوە و هەڵوێستی بزوتنەوەکەمان دەخاتەڕوو. بەڵام هێندەی لە راگەیاندنەکاندا بینیمان، ئەو بڕیارانەی لەم کۆنفرانسەدا دران، هەموویان بڕیاری راست بوون. واتە ئەو تایبەتمەندیانەن کە مرۆڤ دەتوانێت هەڵوێستەی لەسەر بکات. بۆ ئێمە هەموو ئەو خاڵانەی بڵاو کرانەوە، دەکرێت بە بنەما وەربگیرێن. چونکە چارەسەری لەگەڵ خۆیان دێنن. بۆیە سڵاوم دەنێرم بۆ کەنەکە و یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان و ئەو کەسانەی ئەو کۆنفرانسەیان بەڕێوەبرد. کارێکی گرنگیان ئەنجامدا."

قەرەیلان راشیگەیاند، لە هەڵوێستی گشتیەوە ئاشکرا دەبێت کە گەل، سیاسەتمەداران، رۆشنبیران و هونەرمەندانی کورد ئیدی بارودۆخی مەترسی دەبینن، زۆر بە وردی دەیبینن کە ئەو مەترسیەوە لە لایەن داگیرکەری تورکیاوە هاتووەتە ئاراوە، بۆیە هەستیاریەکی هێندە گەورە دەخەنەڕوو."

'هەموو کەسێک دەبێت هەوڵ بۆ یەکێتی نەتەوەیی بدات'

قەرەیلان وتی:"بە تایبەتی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر، لە شەڕی ناوخۆییەوە زیانی پێگەیشتووە. ئەم بارودۆخەی بینیوە. بۆیە هەڵوێستی کۆمەڵگا لە باشوری کوردستان لە دژی شەڕی ناوخۆیی کورد زیاترە. کۆمەڵگا لایەنگری یەکێتی نەتەوەییە. ئەمەش بە راستی هیوابەخشتە. لەم چوارچێوەیەشدا سڵاومان دەنێرین بۆ گەلی باشوری کوردستان. بەڕێزەوە پێشوازی لەو هەڵوێستەیان دەکەین. هەڵوێست و پەیامەکانیان بۆ ئێمە گرنگن. ئێمە چی وەکو رێکخستن چی وەکە تاکە کەس هیچ هەڵوێستێکی جیاوازمان نیە. ئەمڕۆ گەلەکەمان کام بابەتە بە بنەما دەگریت، ئێمەش بە رێزەوە تەماشای دەکەین و چی پێویست بێت هەوڵی بۆ دەدەین. هەڵوێستمان بەم شێوەیەیە. بەڵام دەبێت هەموو کەسیک هەوڵ بۆ یەکێتی نەتەوەیی بدات."   

'رژێم لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە'

قەرەیلان تیشی خستە سەر ئەوەی شەڕیان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و وتی:"ئێمە قوربانیەکی زۆرمان داوە، ئێستاشی لەگەڵدا دابێت قوربانی دەدەین، بەڵام ئەم رژێمە کە ١٨ ساڵە لە دژی ئێمە شەڕ دەکات، بە تایبەت ئەم ٦ ساڵەی دوایی هەموو رێبازێکی گرتووەتەبەر و ئێستاش لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە. لە بەرامبەر ئێمە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت. قەیرانەکانی قوڵتر بوونەوە و ئێستا زۆر لاوازە. لە رووی ئابوری، سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە توشی قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە. بە تایبەت لە ماوەی ٣-٤ رۆژی دواییدا تەیب ئەردۆغان و چەند کەسێک دەوروبەری، باس لە ریفۆرم و مافی مرۆڤ دەکەن. ١٨ ساڵە لە دەسەڵاتدان. چی خراپ بوو بە ئەوروپایان وت، بەڵام ئێستا دەڵێن 'شوێنی ئێمە، رووی ئیمە لە ئەروپایە'.

ئاشکرا دەبێت کە ئەوان تا ئێستا پشتیان بە ترەمپ بەستبوو. ترەمپیش لە هەڵبژاردتنەکاندا تێکچوو. ئەوانیش لاواز بوون، کەسیک نەماوە کە پشتیان پێوە ببەستن. بۆیە شڵەژاون، واتە ترساون. ئەو شتانەی تا ئێستا دەیانوت، لە ماوەی ٣-٤ رۆژدا هەموویان گۆڕی. بێگومان ساختەکاری دەکەن. ئەمە لەناوچوونی ئەوانە. بە ئەوروپا و دەسەڵاتی بایدن دەڵێن، 'ئێمە تەسلیمی ئێوە دەبین'. واتە ئاڵای شکستیان بەرز کردەوە. بە کۆمەڵگا دەڵێن 'ریفۆرم دەکەین'. بەڵام ئەم سیاسەتی قڕکردنە بە خۆڕاگری و تێکۆشان پوچەڵ لاواز بووەوە."

'دەبێت هەنگاوی کاتی ئازادیە، لە هەموو شوێنێک بڵاو ببێتەوە'

قەرەیلان لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند ٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە نابێت وەکو ساڵێکی ئاسایی تێپەڕێت و وتی:"دەبێت گەلەکەمان ئەوە باش بزانیێت و بۆ ئەمەش پێویستە خۆی زیاتر بەڕێکخستن بکات، بەهێزتر تێبکۆشێت. دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیریی ئیمرالی بهێنرێت. رێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت. لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوەکەی کەجەکە کە بە دروشمی کاتی ئازادیە رایگەیاندووە، دەبێت لە هەموو ناوچەیەک بڵاو ببێتەوە و بەهێز ببێت. لە کوردستان و تورکیا، لە هەموو شوێنێک ژنان و گەنجان و رەنجدەران بە شێوەیەکی چالاک بجوڵێنەوە. ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشانێک بەڕێوە بچێت، ئیدی سەردەکەوین و رژێمیش هەڵدەوەشێت. بێگومان قوڕسترین و گەورەترین رۆڵیش دەکەوێتە ئەستۆی گەریلاکان. ئێمە ئەوە دەزانین. گەریلاش لەم چوارچێوەیەدا، لە ناو هەوڵدایە."

قەرەیلا وتیشی:"٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە دەبێت بە ساڵی بەهێزکردنی تێکۆشان و بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام، دەبێت بە ساڵی ئازادی کوردستان و رێبەر ئاپۆ و بەدیمۆکراسیبوونی تورکیا و دەبێت بە ساڵێکی گەورەی تێکۆشان."

لەسەر ئەم بنەمایە قەرەیلان، هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو هێزە تێکۆشەرەکان خواست و ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەی جارێکی تر لە گەلی کورد و دۆستانی پیرۆز کرد.

ز.ش – ژ.ت