قەسەدە: ٦ چەتەی داعش دەستگیرکران

شەڕڤانانی قەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە حەسەکە و دێرەزۆر، شەش چەتەی داعشیان دەستگیر کرد.

هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، رایگەیاند، ٨ی تشرینی یەکەم، یەکینە تایبەتەکانیان بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە گوندەکانی  ڕۆژهەڵاتی دێرەزور ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان دەستپێکردوە.

ئاماژە بەوەش کراوە،  لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەتەیەکی داعش دەستگیرکراوە، کە کە لە گواستنەوەی چەک، ماددەی تەقەمەنی و پلاندانانی هێرش لە دژی خاڵە سەربازییەکان کاری کردووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ٩ی تشرینی یەکەم، یەکینەکانمان لە شارۆچکەی شەفەی لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر،  چوار ئەندامی شانە نووستووەکانی داعشیان دەستگیر کرد، کە یەکێکیان سەرچەتەبوو هەروەها چەک، کەرەستەی سەربازیی، تەکنیک و بەڵگەنامەکانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە، ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم، یەکینەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانیی نێودەوڵەتیی لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی حەسەکە دەستپێکردووە، کە لە ئەنجامدا بەرپرسێکی گواستنەوەی پارە بۆ کەسوکاری داعش لە کامپی هۆڵ، لە دەوروبەری شارۆچکەی هۆڵ بە جەندین بەڵگەنامە و کەلوپەلی سەربازییەوە دەستگیرکرا، ئەو چەتە پەیوەندیی بە چەندین خانەی تیرۆریستییەوە هەبووە و خانەوادەی داعشیان لە کامپەکە دەرکردوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدا هاتووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوام  و هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە ناوچە جیاوازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکردووە، بە ئامانجی تێکشکاندنی خانەکانی داعش و ڕێگرییکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکانە، کە هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتیان و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.

ف.ق