قەسەدە: بەدەیان چەتەی داعش دەستگیرکران

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند کە دوای کوژرانی ٢ ژنە بەڕێوەبەرەکە لە حەسەکە، لە ناوچە سنووریەکانی دێرئەزۆر و عێراق ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە و بەدەیان ئەندامی چەتەکانی داعشیان دەستگیرکردووە.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە ئەوەی خستەڕوو کە ، " لە تۆڵەی ٢ژنە شۆڕشگێڕەکەدا لە دژی داعش ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بەڕێوە چوو."

ڕاگەیەنرا کە بەهۆی زۆر بوونی هێرشی چەتەکانی داعش لە هەرێمی دێرئەزۆر، ڕۆژی ٤ی شوبات بە بەشداری هێزەکانی قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا.

لە ڕاگەیەنراوەکەی قەسەدەدا هاتووە، " ئەو ئۆپەراسیۆنە لە بیابانەکانی دێرئەزۆر و سنووری عێراق و سووریا  بەردەوام دەکات. لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا چەندین ئۆپەراسیۆن لە سەر حەشارگەی چەتەکانی داعش ئەنجامدراوە، بڕێکی زۆر چەک و کەرەستەی سەربازی دەستی بەسەردا گیراوە."

لە بەردەوامی ڕاگەیەنراوەکەی قەسەدەدا هاتووە، " ئۆپەراسیۆن بەردەوامە. دەربارەی ئەم ئۆپەراسیۆنە زانیاری ورد لە چەند ڕۆژی داهاتووەدا بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە."

ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووهەم لە حەسەکە لە ناوچەی دەشیشا ٢ژنی عەرەب کە خەباتی بەڕێوەبەری خۆسەریان دەکرد لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندران و کوژان.

ک-ش