قەسەدە بەڵێنی دا بۆ شەهید فەرهاد شبلی "تۆڵەی سەربازیی گونجاو و ڕەوا" ئەنجام بدات

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بەڵێنی دا، بە شێوەیەکی گونجاو و ڕەوا وەڵامی شەهید کردنی فەرهاد شبلی بداتەوە، کە لە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە کەلار شەهید بوو.

قەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بۆ فەرهاد شبلی و هەڤاڵەکانی بڵاوکردەوە، کە لە ١٧ی حوزەیران لە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ناوچەی کەلاری پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان شەهید بوون.

فەرماندەیی قەسەدە وتی: "بە ورە و ئیرادەیەکی زیاتر و پێداگرانەترەوە، ئێمە زانیاریی شەهیدبوونی تێکۆشەر فەرهاد شبلی-مان بیست. بە ئامانجگرتنی فەرهاد شبلی لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەرەوە کارێکی ترسنۆکانەیە، هێشتا هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورک بە ئامانجی ڕێگریکردن لەخەباتی گەلەکەمان بۆ ڕزگارکردنی خاک و گەلەکەمان لە تیرۆر، بەردەوامە".

لە بەردەوامیی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"ئێمە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شەهید فەرهاد بە تێکۆشان و فیداکارییەکانییەوە دەناسی. تێکۆشەرێکی بەهێز بوو، لە کارەکەیدا  دوودڵ نەبوو و لە دۆزی گەلەکەیدا هەڵوێستێکی جێگیر و نەگۆڕی هەبوو. کەسایەتییەک بوو، کە لە تێکۆشانی خۆیدا خاکی، گەشبین و وەفدار و دڵسۆز بوو. لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ بونیاتنانی ژیانێکی هەمە لایەنە و فرەچەشن.

گەشتە سیاسی و ڕێکخراوەییە درێژەکەی شەهید فەرهاد ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە دامەزراندنی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی چەمکەکانی خەبات لە ناو گەل و کادرەکانماندا. ڕۆحی لێبوردەیی و هاوکاریی لە ناو  هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکەدا بە پشتبەستن بە پرەنسیپ و بیروبۆچوونەکانی برایەتیی گەلان بونیاتنا. وەک فەرماندەیەکی سیاسی ڕۆڵی بنەڕەتی و کارای بینی پرۆژەی دروستکردن و جێبەجێکردن و بونیاتنانی ڕێکخراوەیی و ڕۆشنبیری و کۆمەلایەتی دا و بووە بەشێک لەو دەستکەوتانە، کە بەرهەمی شەڕی دوورودرێژی گەلەکەمان و شەهیدانمانە.

بەئامانجگرتنی شەهید فەرهاد لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە جارێکیتر هەڵسوکەوتی تاوانکارانەی ئەو دەوڵەتەی بەرامبەر بە تێکۆشەرانی  گەلەکەمان نیشان دایەوە. هەروەها ڕەوابوونی تێکۆشانی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیی گەل و هێزەکانمان لە دژی هێرشی داگیرکاری و دوژمنکارانە هەمیشەییەکەى ڕاڤە دەکات.

هەوڵە شکستخواردووەکان بۆ بە ئامانجگرتنی شەڕڤانانمان ناتوانێت لەبەردەم خەباتی گەل و هێزەکانمان و جێبەجێکردنی کارە فیداکارییەکانمان دا بوەستێت، بەڵام لەوە زیاتر پێداگری لەسەر ڕێکخستنکردن و بە رێکخراوەیکردن، پەیوەستبوون بە دەستکەوتە بەنرخەکانی شەهیدان و هەروەها تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان دەکەین.

هێزەکانمان ئەرک و باری پاراستنی گەل و خاکیان هەڵگرتوە، لە تاوانەکانی داگیرکاری و هەموو تاوانەکانی پێشووشیان خۆش نابین و دووپاتی دەکەینەوە، کە بە ڕێبازی سەربازیی ڕەوا و گونجاو تۆڵە دەکەینەوە و تاوەکو گورزلێدان لە دوایین سەربازی داگیرکەر لە خاکەکەماندا تێکۆشان بەهێزترو بەرزتر و گوڕتر دەکەین.

لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و شەهیدان، هاوڕێیان و گەلەکەمان دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە، کە ئێمە بە تەواوەتی بڕوامان بەوە هەیە، کە ڕەنجی شەهیدان دەبێتە سەرەتای هەڵمەتی نوێ لە چوارچێوەی رێگای بە رێکخستنکردن و ڕێکخراوەیکردنی  جەماوەری و سیاسی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

ژ.ت