قەسەدە دەستگیرکردنی ٣ رۆژنامەنووسی لەلایەن هێزەکانیانەوە رەتکردەوە

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماژەی بە بانگەشەکانی رێکخراوی رۆنامەنووسانی بێسنور کرد کە وتبووی، لە ڕۆژئاوای کوردستان، ٣ رۆژنامەنووس لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە دەستگیرکراون و رایگەیاند، ئەو بانگەشانە دوورن لە راستیەوە.

رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور رایگەیاندبوو، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ٣ رۆژنامەنووسیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیرکردووە.

قەسەدە راگەیەنراوێکی لەم بارەیەوە لەسەر تویتەری تایبەتی خۆی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو بانگەشانە دوورن لە راستیەوە و وتی، "ئەم جۆرە پرسانە بەرپرسیاری دەزگای داد و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن و کاری ئێمە نییە."

راگەیەنراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیەیە:

"رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور لە راگەیەنراوێکدا کە لە ٨ی مانگدا لەسەر مالپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە وتی، "قەسەدە ٣ رۆژنامەنووسی لە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریای دەستگیرکردووە.

ئێمە وەک هێزێکی سەربازی تەئکید دەکەینەوە کە قەسەدە یاساکان ناسەپێنێت و بەکارهێنانی یاساکان لەدژی کەسانی دیکە کاری ئێمە نییە.

لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کاروباری یاسایی لەلایەن دەزگای داد و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەری خۆسەرەوە بەڕێوەدەبرێت. هیچ پەیوەندیەکی هێزەکانمان بە دەستگیرکردن و گرتنەوە نییە کە رێکخراوەکە بانگەشەی بۆ دەکات."

ف.ق