قەسەدە دوو سیخوڕی تورکی لە ڕەققە دەستگیرکرد

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی دوو سیخوڕی دەوڵەتی تورکی لە کانتۆنی ڕەققە ڕاگەیاند و دەڵێت ئەرکیان ئەوە بووە زانیاری لەسەر شوێن و کاری هێزە ئەمنیەکانی خۆبەڕێوەبەری بدەنە دەوڵەتی تورک.

قەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: لە کاتێکدا دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ماوەی دوایدا شانەی سیخوڕی دروست دەکات و ئەرکی کاری تیرۆرستییان پێدەسپێرێت و ئارامی هەرێمەکان تێک دەدەن و زانیاری لە بارەی کەسایەتیەکان و ناوەندە ئەمنیەنکان کۆدەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە یەکینە تایبەتەکانی قەسەدە دوو چەتەیان دەستگیرکردووە کە کاری سیخوڕیان لە هەرێمی ڕەققە و گوندەکانی دەوروبەی بۆ هەواڵگری دەوڵەتی تورک دەکرد.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە یەکێک لە سیخوڕەکان ناوی وائیل داعی حەمەد تەمەن ٢٤ ساڵە، لە گوندی تەرواز، دانی بەوەداناوە کە پەیوەندی بە هەواڵگری دەوڵەتی تورکەوە هەیە لە هەرێمی سلوک، پەیوەندیەکەشی بە ڕێگای چەتەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا دروست کردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە، ئەو سیخوڕە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ناوەندەکانی قەسەدە لە باکوری رەقە ئەرکدار کراوە و مین و تەقەمەنی لە هەرێمە داگیرکراوەکانەوە بگوازێتەوە بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ڕادەستی شانە تیرۆرستییەکانی بکات، لە کاتێکدا لە هەوڵدا بووە بەشی دووەمی تەقەمەنی  و مینەکان بگوازێتەوە لەلایەن تیمە تایبەتەکانی قەسەدەوە دەستگیرکراوە.

لە بارەی ناسنامەی سیخوڕەکەی دیکەوە قەسەدە وتویەتی کە سیخوڕەکە ناوی محەمەد عیدە و تەمەنی ٣٢ ساڵە و خەڵکی شاری ڕەققەیە، دانی بەوەداناوە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی مستەفا تەهینا کە ئێستا لە شاری تەرسوسە لە تورکیا دەژی ئەرکدارکراوە.

ئەو لە دانپیدانانەکەیدا وتویەتی کە ئەو کەسە ئەرکداری کردووە بەوەی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە سەربازیەکان بگرێت و زانیاریان لەبارەوە بداتە هەواڵگری دەوڵەتی تورک، لە کاتیێکیشدا دەستگیرکراوە کە وێنەی شوێنێکی سەربازی دەگرت.

قەسەدە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەلایەن هێزەکانیانەوە هۆکار بووە بۆ ئەوەی بە خێرایی شانە سیخوڕیەکان ئاشکرا بکەن و هێرشە تیرۆرستییەکان کەم بکەنەوە.

داوای لە خەڵکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش کردووە لەبەرامبەر پیلانەکانی دەوڵەتی تورک هۆشیار بن و هاوکاری هێزەکانیان بکەن لە ئاشکراکردنی ئەو جوڵە گوماناویانەی هەیە.

ف.ق