قەسەدە: لە رەقە ٣ سەرچەتە دەستگیرکران

هێزەکانی سوریای دیموکرات سێ سەرچەتەیان لە شاری ڕەقە دەستگیرکرد، کە بەشداربوون لە داڵدەدان و گواستنەوەی چەتەکان بۆ ئەنجامدانی پیلانەکانیان لە ڕەقە و گوندەکانیى دەوروبەریدا.

ماڵپەڕى فەرمى هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنى سێ سەرچەتەی داعشی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکینەکانی دژە تیرۆری هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی چەتەکانى داعش، توانیویانە لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوای ڕەقە و لە ناوچەی باشووری شارەکەدا سێ ئۆپەراسیۆن بە مەبەستى دابینکردنی ئارامى بۆ ناوچەکە ئەنجام بدەن و تێیدا سێ سەرچەتەی داعش دەستگیرکراون.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرچەتە دەستگیرکراوەکان بەشداربوون لە داڵدەدان و گواستنەوەی چەتەکانی داعش بۆ ئەنجامدانی پلانەکانیان لە ناو ڕەقە و گوندەکانی دەوروبەریدا و پێشتریش بەشدارییان لە هێرشە تیرۆریستییەکانى داعش لە ناوچە جیاوازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا کردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی ئەرکە هاوبەشەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی چەتەکانى داعش و شانە نوستووەکانیان ئەنجامدراوە.

ف.ق