قەسەدە: لە رەققە چەتەیەکی داعش کوژرا و ٤ چەتە دەستگیرکران

هێزەکانی قەسەدە رەققە لە دوو ئۆپراسیۆندا چەتەیەکی داعشیان کوشت و ٤ چەتەشیان دەستگیر کرد.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە هێزەکانیان لە رەققە دوو ئۆپراسیۆنیان لەدژی چەتەکانی داعش ئەنجام داوە. لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژراوە و ٤ چەتە دەستگیرکراون.

راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە؛

" یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)ی سەر بە هێزەکانمان هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هێزەکانی دژە تیرۆری باشوری کوردستان (جی تی جی) لە ماوەی دوو رۆژدا دوو ئۆپراسیۆنی ئەمنییان لە شاری رەققە ئەنجامداوە. بەو هۆیەوە ٤ تیرۆریستی  داعش دەستگیرکراون و تیرۆریستێک کوژراوە.

ئۆپەراسیۆنی یەکەمین لە ١٣ی ئایاردا ئەنجامدراوە. دوای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، یات شانەیەکی داعشی لە شارۆچکەی کەرامای سەر بە رەققە کردە ئامانج. ئەو شانەیەی داعش هاوکاری هاتوچۆی چەتەکانی داعشی لە رەققە و حەسەکە دەکرد. هەروەها هەوڵی دەدا کە زیندانی و خانەوادەی داعشەکان لە کەمپی هۆڵ بۆ سەرێکانی و گرێ سپی بگوازێتەوە کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بەڕێوە دەبرێن.

لە ئۆپراسیۆنەکەدا، ئەندامانی شانەکە گەمارۆدران و بانگەوازیان لێکرا کە خۆیان رادەست بکەن. تیرۆریستێک هەوڵیدا هەڵبێت و  تەقەی کرد. هێزەکانمان بە ناچاری وڵامیان دایەوە و شەڕ روویدا. لە ئەنجامدا تیرۆریستێک بەناوی فەیسەڵ عەلی ئەلخەلەف کوژرا و تیرۆریستێکی دیکە بریندار بوو.

ئۆپراسیۆنی دووەم لە ١٤ی ئایاردا ئەنجامدرا. یەکینە شەڕکەرەکانمان لە ئاسمانەوە لە شاری رەققە نیشتنەوە و شانەیەکی چالاکی رێکخستنی داعشی تیرۆریستیان کردە ئامانج. ئەو شانەیە پلانی ئۆپراسیۆنی تیرۆریان لەدژی هەرێمەکە رێکدەخست. لەم دواییانەدا پلانی هێرشی خۆکوژیان لەدژی ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکەیان داڕشتبوو. لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا ٣ تیرۆریست دەستگیرکران. هێزەکانمان دەستیان بەسەر بڕێک کەلوپەلی سەربازی  و تەکنیکیدا گرت کە چەک و تەلەفونی دەستیشیان تێدابوو."

ف.ق