قەسەدە: تێکۆشانی هاوبەشمان لە دژی داعش بەردەوام دەبێت

فەرماندەیی قەسەدە ڕایگەیاند، هێرشی ئاسمانی لە دژی بنکەی هاوبەشی هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی ئەنجامدراوە و وتی: "تێکۆشانی هاوبەشی دژ بە داعش بەردەوام دەبێت".

فەرماندەیی قەسەدە ڕایگەیاند، هێرشی ئاسمانی لە دژی بنکەی هاوبەشی هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی ئەنجامدراوە و وتی: "تێکۆشانی هاوبەشی دژ بە داعش بەردەوام دەبێت".

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایگەیاند، هێرشەکە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کامیکازی دژ بە بنکەی هاوبەشی هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی ئەنجام دراوە.

لە راگەیەندراوەکەی قەسەدەدا هاتووە:

"بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کامیکاز هێرش کرایە سەر بنکەی هاوبەشی هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی. لە ئەنجامدا سەربازێکی ئەمریکی کوژرا و ٥ سەربازی هێزە هاوبەشەکان برینداربوون.

هەروەها گوندی زیبان لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر بە دەیان تۆپ کرایە ئامانج. سەرچاوەی بۆردومانەکە بەری لای ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتە، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقدایە. ٢ تۆپ بەر ماڵی هاوڵاتییەک کەوتون و بەو هۆیەوە ژنێک و کچەکەی بریندار بوون.

سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی کاربێس و هاوکارانی هاوپەیمانی نێونەتەوەییمان دەکەین، کە کاربێس لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستدا، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین. لە هەمان کاتدا هێرشی هەڕەمەکی بۆ سەر هەرێمەکانمان، بە تایبەتی هێرش بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان شەرمەزار دەکەین. ئێمە رایدەگەینین، کە پێویستە هاوڵاتیانی مەدەنی هێرشیان نەکرێتەسەر. نابێت ڕێگری لە شەڕی دژ بە داعش بکرێت.

هێزەکانمان لە دژی ڕێکخستنی تیرۆریستیی داعش شەڕێکی گەورەیان کرد و لە باغۆز سەرکەوتنی گەورەیان لە دژی داعش بەدەستهێنا. تێکۆشانی هاوبەشی ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژ بەڕێکخستنی تیرۆریستی و بیروبۆچوونە توندوتیژەکانی بەردەوام دەبێت. چالاکییە ئەمنی و سەربازیەکان زیاتر دەکرێن، تا ئەو کاتەی شانەکانی ڕێکخستن تێکدەشکێنرێن و مەترسییەکانیان لەهەرێم کۆتایی پێدێت. بەوەش سەقامگیری، ئاسایش و پاراستنی هاوڵاتیان مسۆگەر دەبێت".

ژ.ت