قەسەدە ئاماری ٤ رۆژ شەڕی راگەیاند: ماڵ، نەخۆشخانە و خوێندنگە بۆردومان دەکرێن

قەسەدە رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە شەوی ١٩ی تشرینی دووەمەوە ماڵ، نەخۆشخانە، خوێندنگە و سایلۆی گەنمی بۆردومان کردووە و ١١ شەڕڤان و ١٥ هاوڵاتی شەهید بوون.

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کە ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لەراگەیەندراوەکەی فەرماندەیی گشتی قەسەدەدا هاتووە، سیناریۆی تەقینەوەی تەقسیم لە ئیستەنبوڵ لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتی تورکەوە پلانی بۆدانراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەوڵەتی تورک ئەوەی کردە بیانوویەک و ئەو ئامادەکارییانەی ماوەیەکی زۆربوو  بۆ هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریای کردبوونی، خستەبواری جبەجێ کردنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە ئاماری هێرشەکان لە نیوەشەوی ١٩ی تشرینی دووەمەوە تا ئەمڕۆ ٢٣ی مانگ ئەم زانیارییانە دراون:

"٤٧ جار بە فڕۆکەی شەڕ، ٢٠ جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ٣ هەزار و ٧٦١ جاریش بە کاتیوشا، تۆپ و هتد هێرش ئەنجامدراوە. لەو هێرشانەدا دوژمن لە ناوچەی دێرکەوە تا قامیشلۆ، حەسەکە، کۆبانێ، دێرەزور و شەهبای کردووەتە ئامانج.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا تائێستا؛ لە عەفرین ٥ شەڕڤانی کورد شەهیدبوون. لە هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی فرات ٦ شەرڤانی قەسەدە شەهیدبوون و ١٥ مەدەنی (١١ لە دێرک، ٢ لە تل تەمر و ٢ لە مەکمەن) شەهید بوون. هەروەها ماڵی هاووڵاتیان، نەخۆشخانە، خوێندنگە و ژێرخانی خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی وەک وێستگەکانی سوتەمەنی، سایلۆی گەنم زیانیان بەرکەوتووە".

هەرلە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"ئەمە یەکەمجارە کە هێرشێکی بەم جۆرە بەرفراوان لەو هەموو قوڵاییەی ناوچەکەدا رووبدات و تەواوی رۆژهەڵات- باکوری سوریا بکاتە ئامانج. ئامانجی دوژمن ئەوەیە کە بەو هێرشە ئاسمانیانە گورزی گەورە لە هێزە بەرگریکارەکانمان بدەن، بە تایبەتی فەرماندەیی و بڕیارگەی ئێمە دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی سیستمی پاراستنمان هەڵوەشێتەوە. لەوێشەوە ئیرادەی بەرخودان تێکبشکێنێت و بێهیوایی و هەست بە شکست لەناو گەلدا بڵاو بکاتەوە. بەم جۆرەش زەمینە بۆ هێرشی زەمینی خۆشبکات. بەڵام لەم سێ رۆژەی رابردوودا بە گوێرەی ئامارەکانیش دیارە هێرشەکانی دوژمن سەرکەوتوو نەبووە و بێ ئەنجامن. لەبەر ئەوەی ئەو سیستمەی پاراستن کە قەسەدە پەرەی پێداوە، رێکار و ئامادەکاری گرتووەتەبەر، پەیوەست بەوەش وشیاری شەڕڤانانی ئێمە وایکرد کە ئەو هێرشە بێ ئەنجام بێت. ئێمە لە سەنگەرەکانی بەرخودانماندا بە پێداگرییەکی بەهێز و بە بڕیاردارییەکی بەرزەوە درێژە بە هەڵوێستی بوێرانەمان دەدەین.

لەدژی هەموو پێکهاتەکانی سوریا تیرۆر پەیڕەو دەکرێت

دەوڵەتی تورک بەرگەی ئەو شکستەی خۆی نەگرت و کاتێک بینی کە هێرشە سەربازییەکانیان ئەنجامی لێناکەوێتەوە ئەمجارەیان رووی کردە گەلەکەمان و لە دێرک، هەروەها لە تل تەمر و مەکمەنی دێرەزور کۆمەڵکوژی لە دژی مەدەنییەکان ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئەوەدا تائێستا ١٥ هاوڵاتیمان شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. هەروەها روویکردووەتە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، وەک وێستگە و دامەزراوەکانی نەوت، گاز، سایلۆی گەنم و ئەو دامەزراوانەی لە خزمەتی کۆمەڵگادان و دەیانکاتە ئامانج. بەم جۆرەش دەیەوێت کۆمەڵگای هەریمەکە بکاتە ئامانج. ئاشکرایە کە ئەو هێرشە داگیرکەرییانەی تورک کە کۆمەڵگا و ژیانی کۆمەڵگا دەکاتە ئامانج تیرۆری دەوڵەتییە، لە بەرامبەر گەلی سوریا بە تەواوی پێکهاتەکانیەوە. یان بە دەربڕینێکی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەبەرامبەر تەواوی پێکهاتەکانی سوریا تیرۆر پەیڕەو دەکات.

هەموو پلانەکانیان پوچەڵ دەبنەوە

ئەو هێرشانەی دوژمن هێشتاش بەردەوامن. لەبەرامبەر ئەوە هەڵوێستی گەلەکەمان تائێستا هەڵوێستێکی بڕیاردارانە و هەڵوێستێک بە گوێرەی رۆحی وڵاتپارێزی بووە. شەهیدەکانی دێرک لە کەسایەتی دایکی هۆگر نمونەی هەرە ئاشکرای ئەو هەڵوێستە بڕیاردارانەیە. دوژمن چاوەڕوانبوو کە بەو هێرشانەی گەلەکەمان بخاتە ناو ترس و تۆقاندن و هەڵاتن و کۆچبەربوون ساز بکات. بەڵام گەلەکەمان دەستبەرداری خاکی خۆیان، گوندی خۆیان و شارەکانیان نابن. بە توڕەیی و پێداگرییەوە دەڕژێنە گۆڕەپانەکان، هەڵوێستی خۆیان لە دژی داگیرکەران نیشان دەدەن. ئەو هەڵوێست و پێداگرییەی گەل لەلایەکەوە سەرچاوەی ورەیە بۆ هەموو شەڕڤانانی قەسەدە، لەلایەکی دیکەشەوە بڕیارداری گەلەکەمان و خاوەندارییان لە خاک، گوند و شارەکانیان لە تەنیشت رۆحی گیانبازی شەڕڤانانی قەسەدە نیشان دەدەن. ئەمە بنەمای سەرکەوتنی گەورە دادەمەزرێنێت. ئێمە لەو بڕوایەداین بەرخودانی مێژوویی کە شەڕڤانانی قەسەدە دەیکەن و ئەو هاوکارییەی گەلەکەمان بە بڕیار و پێداگرییەوە هەمو پلانەکانی داگیرکەری تورک شکست دەدات و ئەمەش بۆ گەلی هەریمەکە و گەلی سوریا دەرگای سەرکەوتن دەکاتەوە.

ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە سڵاو لە هەڵوێستی خۆڕاگرانەی گەلەکەمان دەکەین. لە کەسایەتی شەهیدانی تەقل بەقلی دێرکدا هەموو شەهیدان بە بیردەهێنینەوە ئێمە بەڵێن بەرزکردنەوەی دۆزی ئەوان و ئامانجەکانیان نوێ دەکەینەوە.

دەمانەوێت هەڵوێستی راستەقینەی ئەو هێزانە بزانین کەلەگەڵیاندا کار و چالاکی دەکەین

لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی تورک لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا هەم کایەی ئاسمانی ژێر کۆنتڕۆڵی روسیا، هەمیش کایەی ئاسمانی ژێر کۆنتڕۆڵی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بەکاردەهێنێت. هەروەها داگیرکەری تورک رۆژی ٢٢ی مانگ هێرشی ئاسمانی کردە سەر بارەگای هاوبەشی یەکینەکانی دژەتیرۆر و هاوپەیمانی، لەوێ دوو هەڤاڵمان شەهیدبوون، سێ هەڤاڵیشمان برینداربوون. ٢٣ی تشرینی دووەمیش هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر بارەگای هاوبەشی هێزەکانمان و هێزەکانی رووسیا لە تل تەمر، لەوێ هەڤاڵێک شەهید بوو و ٣ هەڤاڵیشمان برینداربوون.

داواکاریمان لەو هێزە سەرەکیانەی کە بە هاوبەشی کاردەکەین ئەوەیە کە هەڵوێستی یاسایی خۆیان رابگەیەنن. هەروەها گەلەکەشمان دەیەوێت هەڵوێستی یاسایی ئەوان بزانێت. هەڵوێستەکانیان لە چوارچێوەی دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی خۆی وێنا ناکات. تائێستا هێزەکانمان بە بێ دوودڵی لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی داعش و ئەوانەی دەوڵەتی تورک بە گیانێکی فیداکاری گەورەوە ئەرکەکانی خۆیان لە بواری پاراستندا جێبەجی کردووە. لەو سێ رۆژەدا لە هەموو هێڵەکانی بەریەککەوتندا وەڵامی پێویست بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دراوەتەوە. لەمەودواش بە شێوەیەکی بڕیاردارانە و بە شێوزی ئەنجامگرتر ئەرکی مێژوویی پاراستنی هەرێمەکە بەجێدەگەیەنن. رێگە نادەن کە هێرشەکانی دوژمن ئامانجە داگیرکارییەکانی بێنەدی.

هەروەها لەم هێرشانەی ئێستادا زیاتر سەربازانی سوپای سوریا لە سەنگەرەکاندا ژیانیان لەدەستداوە. ژمارەی ئەو سەربازانەی ژیانیان لەدەستداوە ٢٥ سەربازی تێپەڕاندووە. بێهەڵوێستی و بێدەنگی حکومەتی سوریا رێگە لەبەردەم زیانی گیانی سەربازەکانی دەکاتەوە.

ئێمە داوا لە گەنجان دەکەین کە بەشداری لە ریزەکانی قەسەدەدا بکەن

لەم قۆناغە مێژووییەدا داوا لە هەموو گەنجان دەکەین، بەراستی ئەرکێکی وڵاتپارێزی، مرۆڤایەتی و شکۆمەندی لەسەر شانی هەموو گەنجانی هەریمەکەیە بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان بگێڕن. هەروەها بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی هەرێمەکەدا جێبەجێ بکەن. دەرگاکانی قەسەدە بۆ بەشداربوونی ئەوان کراوەیە، بۆ ئەوەی چەک هەڵبگرن و گوندەکانی خۆیان، شارەکانی خۆیان و زەوییەکانی خۆیان بپارێزن. لەسەر ئەو بنەمایە بانگەوازی ئێمە لە هەموو کچ و کوڕانی باکور- رۆژهەڵاتی سوریا بە کورد، عەرەب، سوریان، تورکمان، ئەرمەن یانیش تەواوی پێکهاتەکانمان ئەوەیە پۆل پۆل بینە ریزەکانی قەسەدە. بەم جۆرە پاراستن، ئارامی و ئاسایشی هەریمەکەمان مسۆگەر بکەین".

هـ . ب