راگەیاندراوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەبارەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کۆبانێ

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایانگەیاند، درۆنەکنی سوپای تورکی داگیرکەر بە ئامانجی لە ناوبردنی دەستکەوتەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و ئاسایشی ناوچەکە لە باشووری کۆبانێ ماڵی هاووڵاتییەکیان بۆردومانیان کرد.

فەرماندەیی گەشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندێکی باشوری کۆبانێ، کە لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "نیوەڕۆی ٢٢ی کانوونی دووەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە گوندی مەمیت لە باشووری کۆبانێ ماڵی هاووڵاتییەکیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی مەدەنی بریندار بوو. ئامانجی دەوڵەتی تورک لەو هێرشانە بۆ ئەوەیە دەستکەوتەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵات لە ناو ببات و ئاسایش و ئارامیی تێکبدەن و ئاڵۆزی دروست بکەن.

ئێمە وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڵێن دەدەینەوە، سەرباری هەموو لەمپەرەکان خەباتی خۆمان بۆ پاراستنی هەموو ناوچەکانمان، پاراستنی هاووڵاتییان و ئاسایش و ئارامییان درێژە پێدەدەین. دووبارەش داوا لە هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دەکەین، کە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دا بە ئەرکی خۆیان هەستن".

ژ.ت